بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی سەعدی ووهەیب، وەزیری کارەبا،جەختی لە گرنگی پڕۆژەی سەکۆی گازی شل (LNG) کردەوە لە بەهێزکردنی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی وزە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارەبا لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندوە : عەلی سەعدی ووهەیب، وەزیری کارەبا،سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد کە پێکهاتبوو لە کادرە پسپۆڕەکانی وەزارەتی کارەبا و نوێنەرانی وەزارەتەکانی نەوت،و دارایی و گواستنەوە،بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی کاراکردن و بەگەڕخستنی پڕۆژەی سەکۆی گازی شل و خێراکردنی چوونە خزمەتگوزارییەکەی.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : وەزیری کارەبا جەختی لە گرنگی پڕۆژەکە کردەوە لە بەهێزکردنی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، و دابینکردنی بڕی پێویستی گاز بۆ کارپێکردنی یەکە بەرهەمهێنەرەکان بە توانایەکی بەرزتر، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و پشتگیریکردنی سەقامگیری سیستەمی کارەبا، بەتایبەت لە کاتی زۆری بەکارهێناندا.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی وردەکارییە هونەری و کارگێڕییەکانی پڕۆژەکە کرا، و چارەسەری پێویست دانرا بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە دارایی و جێبەجێکردنەکان، بەجۆرێک کە زامنکردنی تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراو و بە زووترین کات بکرێت.


