بەغدا - INA -

ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی ژینگە جەختی کردەوە کە "پشتێنی سەوزایی" رێگایی سەرەکییە لە پلانی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، ئاماژەشی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجومەنی پارێزگاکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکان ئەنجام دەدرێت.

نەجلا وائیلی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هونەری لە وەزارەتی ژینگە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دۆسیەی پشتێنی سەوزایی بە یەکێک لە پلانە گرنگەکان دادەنرێت لە چوارچێوەی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکچوونی زەوی و سنووردارکردنی بەبیابانبوون لە عێراق، کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجومەنی پارێزگاکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکانە، بەپێی تایبەتمەندی ژینگەیی هەر پارێزگایەک.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەت : ڕۆڵی وەزارەت بریتییە لە چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی لەدەستدانی ڕووبەرە سەوزەکان لەناو شارەکاندا، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و تێکچوونی تەندروستی گشتی.

ووتیشی : ئێمە بەدواداچوون بۆ چاندنی دار و بەهێزکردنی ڕووبەرە سەوزەکان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییە ژینگەییەکان،و گەشەپێدان،و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەکەین.

راشیگەیاند : بەشداری بەردەوامین لە باشترکردنی کوالێتی هەوا، و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، و سنووردارکردنی دیاردەی "دوورگەی گەرمی"

وائیلی ، ئاماژەی بەوەشکرد : وەرزی ئاویی باش، هەلێکی گرنگە بۆ فراوانکردنی بەرنامەکانی دارچاندن و بەردەوامی پۆششی ڕووەکی، کە ئەمەش پشتگیری لە هەوڵەکانی دەوڵەت دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و بەهێزکردنی توانای سیستەمە ژینگەییەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.