بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە ،وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ئەو حاڵەتانەی لە ماوەی جەژنی قوربان لە سەرتاسەری پارێزگاکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 1876حاڵەت.
سەیف بەدر،وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی تیایدا هاتوە : وەزارەت ئاماری ئەو حاڵەتانەی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان لە سەرتاسەری پارێزگاکان تۆمارکراون ڕاگەیاند، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمیی دەرچوو لە بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆن و خزمەتگوزارییە پزیشکییە فریاگوزارییەکان.
ڕوونیشیکردۆتەوە : کە کۆی گشتیی حاڵەتە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە (1876) حاڵەت، بەم شێوەیە دابەشبوون: ڕووداوەکانی هاتوچۆ (1324) حاڵەت،و ژەهراویبوون (120) حاڵەت،و تەنگەنەفەسی (122) حاڵەت،و خنکان (18) حاڵەت،و سووتان (169) حاڵەت، و یارییە مەترسیدارەکانی منداڵان (28) حاڵەت،و برینداربوون بە فیشەک (55) حاڵەت،کە دامەزراوە تەندروستییەکان بەپێی پلانی فریاگوزاریی پەسەندکراو مامەڵەیان لەگەڵ سەرجەم حاڵەتەکان کردووە.
سەیف بەدر ، ڕوونیشیکردەوە : عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی، چەند ڕۆژێک بەر لە جەژن فەرمانی بە ئامادەیی تەواوی تیمە تەندروستییەکان کردبوو، لەگەڵ بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان و هەوڵی دامەزراوە تەندروستییەکان و تیمەکانی فریاگوزاری لە سەرتاسەری پارێزگاکان،هەروەها ڕێنمایی دابوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و خێراکردنی وەڵامدانەوە و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمانی پێویست بۆ دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان بۆ برینداران.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تەندروستییەکان بە درێژایی کاتژمێر لە چوارچێوەی پلانی فریاگوزاریی پێشوەختە ئامادەکراو بەردەوامن لە کارکردن، بۆ دڵنیابوون لە مامەڵەکردنی دەستبەجێ لەگەڵ حاڵەتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە هاووڵاتییان.

