نەجەفی ئەشرەف - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،عەتبەی عەلویەی پیرۆز، چالاکییەکانی پانزەهەمین "هەفتەی غەدیر"ی لە شاری نەجەفی ئەشرەف ڕاگەیاند.
ئەم بۆنەیە بە بەشداریی نوێنەرانی 27 وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ئاڵای غەدیر لە نزیکەی 150 شوێنی جیاواز لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەی وڵات هەڵبکرێت.
حەیدەر ڕەحیم، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی عەتبەی عەلەویە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: هەفتەی نێودەوڵەتیی غەدیر بە دیارترین و گەورەترین وەرزی ئایینی و کولتووری دادەنرێت کە لەلایەن عەتبەی عەلوەییەوە بە مەبەستی یادکردنەوەی جەژنی غەدیر و ڕاگەیاندنی ویلایەتی ئیمام عەلی سلاوی خوای لێ بێت ڕێکدەخرێت.
ڕەحیم ، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم چالاکییە، چەسپاندنی بەهاکانی وەفا،و یەکێتی،و دادپەروەری و پەیوەندی بە ژیاننامەی ئیمام عەلییەوەیە، لە ڕێگەی چەندین بەرنامەی ئایینی،و کولتووری،و هونەری و خزمەتگوزارییەوە کە لە درێژایی هەفتەکەدا پێشکەش دەکرێن.
بەپێی وتەی بەرپرسی ڕاگەیاندن، ئەمساڵ پڕۆژەی هەڵکردنی ئاڵای غەدیر بەراورد بە ساڵانی پێشوو گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ژمارەی شوێنەکان لە 90 شوێنەوە بۆ نزیکەی 150 شوێن بەرزبووەتەوە. ئەم ئاڵایانە لە 20 پارێزگای ئێران،و 21 شوێن لە پارێزگاکانی عێراق،و 8 عەتبەی پیرۆز، و 26 مەزارگە و 8 شوێنی دیکە لە شاری نەجەف هەڵدەکرێن.
هەر بەوتەی ئەم بەرپرسە : وڵاتانی بەشداربوو لەم بۆنەیەدا بریتین لە: بەریتانیا،سوید،دانیمارک، ئەڵمانیا، نەرویج، فینلاند، ئیسپانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ڕۆمانیا، کۆماری چیک، فەرەنسا، نەمسا، ئێران، هیندستان، پاکستان، ئوسترالیا، لوبنان، تایلەند، تورکیا، ئیندۆنیزیا، عەرەبستانی سعوودی، چین، کینیا، نێجیریا، کۆتدیڤوار (کەناراوەکانی عاج) و میسر.
سەبارەت بە چالاکییە هونەرییەکان، حەیدەر ڕەحیم ، ئاماژەی بەوە کرد: کە نمایشێکی گەورەی مەیدانی بە ناونیشانی "بەیعەت بۆ حەق" بە بەشداریی زیاتر لە 500 ئەکتەر و هونەرمەند دەستپێدەکات.
ئەم شانۆگەرییە کە 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەسەر شانۆیەکی تایبەت ئەنجام دەدرێت کە جێگای 5000 بینەری تێدا دەبێتەوە.
لەکۆتایی وتەکانیدا، ڕەحیم،ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵکردنی ئاڵاکان لە 20 پارێزگای ئێران وەک پەیامێکی مرۆیی و هاوسۆزییە لەگەڵ گەلی ئێران لەو ناوچانەی بەر ڕووداوی نەخوازراو و قەیران کەوتوون، تاوەکو ئاڵاکە ببێتە هێمای ئومێد، سەقامگیری و تاکی وەفا بۆ بەهاکانی غەدیر.



