بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممە عەلی فالح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێنمایی پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاكی، چاودێری و وەرگرتنەوەی سامانی گشتی كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و ڕایگەیاندووە : عەلی فالح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەكی تایبەتی سەبارەت بە ڕێكارەكانی وردبینیكردن لە گرێبەستە حكومییەكان ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكی فیدراڵی و داواكاری گشتی و دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی پسپۆڕ لە دۆسیەكانی دەستپاكی.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران ڕێنمایی پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاكی و چاودێری و وەرگرتنەوەی سامانی گشتی كردووە، كە سەرۆكایەتیی بكات و سەرۆكی دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكی فیدراڵی وەك ئەندام بگرێتەوە، ئەنجومەن بەرپرسیار دەبێت لە چاودێریكردن و سەرپەرشتیكردنی وەزارەتەكان، دامەزراوە ناوەزارییەكان و پارێزگارەكان لەسەر پرسە بنەڕەتی و كاریگەرەكان، بە ئامانجی ڕێگریكردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و وەرگرتنەوەی سەروەت و سامانی دەوڵەت. ئەنجامەكانی ئەنجومەن دەخرێنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری.
ئاماژە بەوەشكراوە : سەرۆك وەزیران هەروەها ڕێنمایی داوە كە ئیمكانی ئابووریی پڕۆژەكان پشتڕاست بكرێتەوە و لیژنەی لاوەكی تایبەتمەند بۆ وردبینیكردنی گرێبەستەكانی حكومەت پێكبهێنرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێسا كارپێكراوەكانەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە : هەروەها كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی ناوەندی لەخۆگرتبوو كە پێكهاتبوو لە نوێنەرانی دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی دارایی، ئەم لیژنەیە ئەركی پەرەپێدانی میكانیزمێك بۆ وردبینی و لێكۆڵینەوە لە گرێبەستە حكومییەكان پێش ئەنجامدانیان بۆ دڵنیابوون لە هاوئاهەنگییان لەگەڵ تەرخانكردنی پەسەندكراودا.

