بەغدا - ئامنە سەلامی

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییە گشتییەكان ڕایگەیاند : كە پڕۆژەی شاری جەواهیری نزیكەی 24 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت كە بە بەكارهێنانی شێوازی بیناسازی ئاسۆیی دروستكراون، وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە كە قۆناغی یەكەم لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا دەگەیەنرێت.

نەبیل ئسەفار وتەبێژی وەزارەتەكە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : پرۆژەی شاری جەواهیری نزیكەی 24 هەزار یەكە نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت كە بە بەكارهێنانی شێوازی بیناسازی ئاسۆیی دروستكراون و ڕوونیشیكردەوە : شاری جەواهیری یەكێكە لەو شارە نوێیانەی نیشتەجێبوون كە بەخشراوە بە كۆنسۆرتیۆمێك كە پێكهاتووە لە كۆمپانیایەكی عێراقی و كۆمپانیایەكی چینی وپرۆژەكە ڕووبەرەكەی 7 هەزار و 121 دۆنم دەگرێتەوە و بریتی دەبێت لە دروستكردنی نزیكەی 24 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروستكراو بە بەكارهێنانی شێوازی بیناسازی ئاسۆیی، لەناو شارێكی یەكگرتوودا كە زیاتر لە 370 دامەزراوەی خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا قوتابخانە، نەمامگە، باخچەی ساوایان، ناوەندە تەندروستییەكان، و ناوەندە ئایینی و كولتوورییەكان.

ووتیشی: جگە لە ناوەندەكانی گەنجان، بازاڕە ناوەندییەكان، مۆڵەكانی بازرگانی، كافێ، چێشتخانە، بنكەی پۆلیس و ئاگركوژێنەوە، پۆستەخانەكان، بەنزینخانەكان، و خزمەتگوزارییەكانی دیكە كە شارەكە پێویستی پێیەتی، هەموویان بەپێی تایبەتمەندییەكانی نیشتەجێبوونی مۆدێرن و بەرزترین ستانداردی گەشەپێدانی شارەكان دروستكراون.

سەفار ڕوونیشیكردەوە : لە قۆناغی یەكەمی شارەكەدا كاركردن بەردەوامە، كە زەوییەكان بە ناوی شارەوانی نەسر و سەلام لە ئەبوغرێب گواستراوەتەوە، ئەو ڕێكارانەی كە ماونەتەوە، وەك دابەشكردن و چەسپاندنی پارچە زەوییەكان خەریكە كۆتاییان پێدەهێنرێت، ئاماژەی بەوەشكردووە، كارەكان بەپێی خشتەی ڕێككەوتن لەسەركراو بەردەوامن، و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا وەجبەی یەكەمی یەكەكانی نیشتەجێبوون ڕادەستبكرێن.

ڕوونیشی كردەوە : كە پڕۆژەی شاری نیشتەجێبوونی جەواهیری شێوازی دیزاینی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، بەپێی قەبارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون، كە بریتین لە 200 مەتر چوارگۆشە (جۆرەكانی A، B، C، و D)، 250 مەتر چوارگۆشە، و 300 مەتر چوارگۆشە (دوو شێوازی جیاواز بۆ هەر قەبارەیەك)، هەروەها ڤێلای لوكس بە ڕووبەری 600 مەتر چوارگۆشە.