بەغداد - INA

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەباح نوعمان، ئەمڕۆ هەینی، وازهێنان لە فەلسەفەی (ئاسایشی ڕەق)ی ڕاگەیاند کە لەسەر بنەمای بڕینی ڕێگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ پەیڕەو دەکرا، لە هەمانکاتدا ئاماژەی بەوەکرد: عێراق دەستپێشخەریی ئەمنیی بەدەستەوەیە و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات هەڕەشە لە ئاسایشەکەی بکات.

نوعمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕوون و یەکلاکەرەوە بوون، کە تێیدا جەختی کردەوە ئاسایش دەبێت لە خزمەت هاووڵاتیاندا بێت نەک ببێتە بارگرانی بەسەریانەوە"، ڕوونیشیکردەوە: " حکومەت بە تەواوی وازی لە فەلسەفەی (ئاسایشی ڕەق) هێناوە کە لەسەر بنەمای بڕینی بەرفراوانی ڕێگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆی هاووڵاتیان بوو، و گواستوومانەتەوە بۆ چەمکی (ئاسایشی زیرەک و نەبینراو) کە لە یەک کاتدا پارێزگاری و نەرمیی هاتوچۆ دەستەبەر دەکات".

وتیشی: "پلانی ئەمنیی تایبەت بەم جەژنە بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی بە هەوڵی هەواڵگریی پێشوەختە، و بەکارهێنانی سیستمە تەکنیکییە نوێیەکان و کامێراکان بەستووە، لەگەڵ بڵاوەپێکردنی نەرمی مەفرەزە گەڕۆک و پیادەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "پەیاممان بۆ هاووڵاتیان ڕوون بوو: کە بە ئاسایش و دڵنیاییەوە لە خۆشییەکانی جەژندا بژین، و هەست بە ئامادەیی پارێزەری دەوڵەت بکەن بێ ئەوەی ڕێگری لە ژیانیان بکات یان ئاهەنگەکانیان تێکبدات".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی کە ئەمڕۆ شارەکانی عێراق پێیدا تێپەڕدەبن بە ڕێکەوت نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی کاری پیشەیی بەردەوام و هەوڵە گەورەکانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانمانە لە کەرتە جیاوازەکاندا"، ئاماژەی بەوەشکرد: " سنوورەکانی عێراق، بەتایبەتی سنوورەکانی ڕۆژاوا، بە تەواوی لە ڕێگەی سیستمی چاودێری پێشکەوتوو، قایمکاریی ئەندازیاری، و بڵاوبوونەوەی مەیدانیی خاوەن ئامادەباشی باڵا پارێزراون، لە کاتێکدا هێزەکانمان بە بەرزترین پلەی ئامادەباشی بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان تەنانەت لە ڕۆژانی جەژندا".

سەبارەت بە ئاسمانی عێراقیش، نوعمان جەختیکردەوە: کە "حکومەت لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیژیی گشتگیردا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی، و چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانیی تەواو بەسەر ئاسمانی عێراقدا"، ڕوونیشیکردەوە: "عێراق ئەمڕۆ دەستپێشخەریی ئەمنیی بەدەستەوەیە، و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات هەڕەشە لە ئاسایشەکەی بکات یان باری سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بشێوێنێت کە بە قوربانیدانی شەهیدە قارەمانەکان بەدی هاتووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو شەڕکەرانەی لە سەنگەرەکاندا جێگیرن، ئەوانەن کە خۆشی ڕاستەقینە دروست دەکەن، وبەهۆی قوربانیدان و هەوڵەکانی ئەوانەوەیە کە ئەمڕۆ شارەکانی عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریدا دەژین"، ئاماژەی بەوەشکرد: "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، چاودێری دۆخی شەڕکەران و ئامادەیی و پێداویستییەکانیان دەکات، و لە ڕێگەی سەردانە مەیدانییەکان و ڕێنماییە ڕۆژانەکانەوە سوورە لەسەر پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی ورەیان، و بەشداریکردنی لە کەشی جەژندا لەگەڵیان لە شوێنەکانیاندا".

پەیامێکی ئاراستەی هێزە جێگیرەکان کرد و وتی: "ئیوە چاوی بێداری نیشتمانن، و شوورەی پتەوی ئەون، و جێگەی شانازی هەموو عێراقییەکانن"، هەروەها ڕووی دەمی کردە بنەماڵەی شەهیدان و وتی "قوربانیدانی ڕۆڵەکانتان هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینی بەردەوام دەبێت، و دەوڵەت پابەندە بە چاودێریکردنیان و پاراستنی مافەکانیان؛ چونکە خوێنی شەهیدانە ئەم ئاسایش و سەقامگیرییەی دروستکردووە کە ئەمڕۆ عێراق تێیدا دەژیت".