بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، شێخ هومام حەموودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، جەختیکردەوە: گەلان تینووی دادپەروەرین بۆ ئەوەی لە سایەی ئاشتیدا بژین، لە هەمانکاتدا هیوای خواست کە تەواوی جیهان ڕوو لە بەهێزکردنی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی شێخ حەموودی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت:"شێخ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، ئەمڕۆ پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا کردووە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەبۆنەی جەژنی قوربان پیرۆزیان لە یەکتر کرد و هیوای ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندنیان بۆ گەلی هەردوو وڵات، و عیزەت، کەرامەت و بەردەوامی خۆشەویستی نێوان گەلانی ئوممەتەکە خواست".
شێخ حەموودی هیوای خواست "تەواوی جیهان ڕوو لە بەهێزکردنی دادپەروەری، ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی پێکەوەژیانی مرۆیی بکات"، جەختیشیکردەوە: "گەلان تینووی ئەوەن بۆ ئەوەی لە سایەی ئاشتی، سەقامگیری و ژیانێکی شایستەدا بژین".
ناوبراو ستایشی "ئەو ئارامی، خۆڕاگری و ئازایەتییەی گەلی ئێرانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکاندا"، و هیوای خواست "هەوڵە دیپلۆماسییەکان بگەنە چارەسەری دادپەروەرانە و بێلایەنانە کە بنەمایەک بن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا".



