بەدواداچوون- INA
ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس"، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە چاوەڕێی ڕەزامەندیی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ناوچەیی کە بەشدارە لە نێوەندگیرییەکەدا گواستوویەتییەوە: ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، و دەستپێکردنی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام هێشتا سەرۆک ترەمپ ڕەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە: سەرۆک پەیامێکی بۆ نێوەندگیرەکان ناردووە کە تێیدا دەڵێت دەیەوێت چەند ڕۆژێکی هەبێت بۆ بیرکردنەوە لە بابەتەکە پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.
بەرپرسەکە وتیشی: یاداشتە لێکتێگەیشتنەکە پابەندبوونی ئێران بۆ هەوڵنەدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە یەکەمین ئەو پرسانەی لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا دانوستانیان لەسەر دەکرێت، چۆنیەتی ڕزگاربوونە لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز و چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ بەرنامەی پیتاندن.
تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر سوککردنی سزاکان و ئازادکردنی داراییە بەستراوەکانی ئێران وەک بەشێک لە دانوستانەکان، هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ یارمەتیدانی ئێران لە دەستپێکردنی وەرگرتنی کاڵا و هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆدەگرێت.


