بەغدا - INA
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی دەستبەسەرداگرتنی ترلیۆن و نیوێک دیناری لە هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید لە بەغدا ڕاگەیاند.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: تیمی مەیدانیی لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغدا بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە دادوەرییە پسپۆڕەکان، چوونەتە بانکی ڕافیدەین/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی، لەوێ و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە توانیویانە (٣) تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە هەندێک کەشف و چەکی ساختەیان پێبووە و ویستوویانە بە شێوەیەکی نایاسایی پارەکەی پێ وەربگرن , ئاماژەی بەوەش کردووە کە (٧) چەکی ساختە دەستی بەسەردا گیراوە کە وا نیشان دراوە لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە دەرچووبن و کۆی بڕی پارەکەیان دەگاتە نزیکەی ترلیۆن و نیوێک دینار کە بۆ بەرژەوەندی تۆمەتبارەکان ئامادەکرابوون.
وتیشی: لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە بەپێی ماددەکانی (٢٩٨ و ٢٨٩) لە یاسای سزادان ئەنجامدرا، ئەسڵی گرێبەستێکی فرۆشتنی سپاردە بە ناوی یەکێک لە تۆمەتبارەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا کە بڕەکەی (٦١٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) شەش سەد و دوازدە ملیار دیناری عێراقی بووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە هەوڵیان داوە مامەڵەی خەرجکردنی چەکەکان بە شێوەیەکی نایاسایی تێپەڕێنن.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕی بانکی ڕافیدەین بووە هۆی ئاشکراکردنی چەکە ساختەکان، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تیمەکە دەریانخستووە کە هیچ بڕە پارە و هەژمارێکی لەو شێوەیە بە ناوی تۆمەتبارەکانەوە بوونی نییە.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: کۆنووسێکی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی ڕێکخرا و لەگەڵ تۆمەتبارەکان خرایە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەمی تایبەت بە کەیسەکانی دەسپاکی، ئەویش بڕیاری ڕاگرتنی بۆ دەرکردن تاوەکو تەواوبوونی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە.



