بەدواداچوون - INA
بەرشەلۆنە یەکەم گرێبەستی هاوینەی خۆی یەکلایی کردەوە، ئەویش بە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەنتۆنی گۆردۆن، باڵە ئینگلیزییەکەی یانەی نیوکاسڵ، بە مەبەستی بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"، یانە کەتەلۆنییەکە ڕێککەوتنی لەگەڵ نیوکاسڵ بۆ گواستنەوەی گۆردۆن تەواو کردووە، و چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە بگاتە بەرشەلۆنە بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان پێش ڕاگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو باڵە نێودەوڵەتییە ئینگلیزییە تەمەن ٢٥ ساڵە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ واژۆ لەگەڵ بەرشەلۆنە دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرشەلۆنە گرێبەستەکەی بە بڕی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ یەکلایی کردووەتەوە، لەگەڵ ١٠ ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت ، کە لە ئەگەری بەدەستهێنانی نازناوە گەورەکان لەگەڵ "بلۆگرانا" و یاریکردنی بۆ ڕێژەیەکی دیاریکراوی خولەکەکان، دەدرێت.
بەرشەلۆنە هەوڵ دەدات لە زووترین کاتدا کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە تەواو بکات، و ئەگەری هەیە هەر لەم هەفتەیەدا پشکنینە پزیشکییە پێویستەکان ئەنجام بدات پێش ئەوەی واژۆکردنی فەرمیی ڕابگەیەندرێت.
لای خۆشیەوە ئەنتۆنی گۆردۆن ئارەزوو دەکات پێش چوونە ناو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال، گواستنەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە تەواو بێت.
گۆردۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێگەی بایەخی لیڤەرپوڵ و بایرن میونشن بووە، پێش ئەوەی بەرشەلۆنە بێتە سەر هێڵ و گرێبەستەکە یەکلایی بکاتەوە.
گۆردۆن شارەزایی هەیە لە یاریکردن لە هەردوو باڵی چەپ و ڕاست، هەروەها وەک سەرەڕم ، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گرێبەستی ئەو ئەستێرە ئینگلیزییە نابێتە ڕێگر لە هەوڵەکانی بارسا بۆ هێنانی هێرشبەرێکی نوێ وەک جێگرەوەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی

