نەجەفی ئەشرەف - INA

مەرجەعی ئاینی شێخ محەمەد یەعقووبی، داوای بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی چاکەکاری لە کۆمەڵگەدا کرد، و ڕوونیکردەوە: قورئانی پیرۆز چاکەکاری دەبەستێتەوە بە بەرزترین ئەو ئامانجانەی کە مرۆڤی باوەڕدار تەمەنای دەکات.

شێخ یەعقووبی لە وتارەكانی نوێژدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "چاکەکاری گوزارشت لە جەوهەری پەیامی ئیسلام و بنەمای بونیادنانی مرۆڤ و کۆمەڵگە دەکات"، و داوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆشنبیرییەی کرد لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، ئەمەش لە میانی وتارەکانی نوێژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا کە لە نووسینگەکەی خۆی لە نەجەفی ئەشرەف بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە باوەڕداران و ئەو زیارەتکارانەی بۆ زیارەتی ئەمیری باوەڕداران ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب (سەلامی خوای لێبێت) هاتبوون، پێشکەشی کرد.

شێخ یەعقووبی وتارەکەی بەم ئایەتە قورئانییە دەستپێکرد: "﴿وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ﴾ (البقرة: 195)" ، و ڕوونیکردەوە: کە "قورئانی پیرۆز چاکەکاری دەبەستێتەوە بە بەرزترین ئەو ئامانجانەی کە مرۆڤی باوەڕدار تەمەنای دەکات، کە ئەویش بەدەستهێنانی خۆشەویستی خوای گەورە و چاودێری و ڕەحمەتی ئەوە"، و تەئکیدیشیکردەوە: "ئەم خۆشەویستییە خودایییە گەورەترین پاڵنەرە بۆ مرۆڤ بەرەو قوربانیدان و بەخشین و کردەوەی چاک".

ئەوەشی زیاد کرد کە "قورئانی پیرۆز لە چەندین شوێندا هاندانی بۆ چاکەکاری دووبارە کردووەتەوە، و ڕوونیکردەوە کە کەسی چاکەکار لە ڕەحمەتی خوای گەورە و چاودێری و سەرخستنی ئەو نزیک دەبێتەوە لە دونیا و دواڕۆژدا".

پاشان وتی، "چاکەکاری تەنها لەسەر کردەوە تاکەکەسییەکان قەتیس نابێت، بەڵکو هەموو جومگەکانی ژیان دەگرێتەوە"، و ڕوونیکردەوە کە ئیسلام تەنها بە بەرپاکردنی دادپەروەری وەک کەمترین ئاست بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕازی نابێت، بەڵکو داوای پلەیەکی بەرزتر دەکات کە لەسەر بەخشندەیی، لێبوردەیی و خزمەتکردنی ئەوانی دیکە وەستاوە.

باسی لەوەشكرد: کە "پێویستە چاکەکاری لە ڕەفتاری ڕۆژانەی مرۆڤدا ڕەنگ بداتەوە، باوک باش بێت لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا، مامۆستا بە باشی پەیامەکەی ئەنجام بدات، بەرپرس بە باشی خزمەتی خەڵک بکات، و بازرگان لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا چاکەکار بێت".