بەغداد- INA

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: عێراق هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردوە، ڕایگەیاند: "ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، لەگەڵ سێرگی شویگۆ، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا کۆبووەوە".

ئاشكراشیكرد: "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەعرەجی سڵاو و ڕێزی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، گەیاندە سەرۆک ڤلادیمێر پۆتین، هەروەها تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری نێوان بەغداد و مۆسکۆ کرا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گۆڕینەوەی زانیاری و ئەزموونەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی تیرۆریستانی داعش کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە تاوتوێ کرا، کە لە نێوانیاندا ١٤٧ چەکدار هەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن خاوەنی ڕەگەزنامەی ڕووسین".

بەپێی بەیاننامەکە، ئەعرەجی جەختیکردووەتەوە: "عێراق هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و پێزانینی هەیە بۆ هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە پاڵپشتی کۆتاییهێنان بە جەنگ و ململانێکان دەکەن و لە پێشەنگیشیانەوە ڕووسیا".

لەلایەن خۆیەوە شویگۆ، هیوا و ئامادەیی مۆسکۆی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلانی دۆست بکات.

بەیاننامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: "کۆبوونەوەکە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی گرێدانی خولێکی نوێی کۆبوونەوەکانی لێژنەی هاوبەشی عێراقی-ڕووسی کۆتایی هات، بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەش".