بەغداد ـ INA

سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەڵوێستی ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، سەبارەت بە پەیوەستبوونی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام بە دەوڵەتەوە.

سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەی کە ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، کە خۆی لە پەیوەستبوونی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام بە دەوڵەتەوە دەبینێتەوە و خستنیانە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمەش لەبەر پەرۆشی بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی شکۆ و سەروەریی یاسا".

تەئکیدیشیکردەوە: کە "ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و چەسپاندنی بنەمای قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و پاڵپشتیکردنی دەزگا ئەمنییەکان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکانیاندا".

زەیدی داوای لە "هەموو کوتلە چەکدارەکان کرد کە پەیڕەوی هەمان ڕێڕەوی نیشتمانیی بەرپرسیارانە بکەن و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانیدا کار بکەن، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، لەو بنەمایەوە کە دەوڵەت تەنها لایەنی ڕێپێدراوە بۆ قۆرخکردنی چەک و جێبەجێکردنی یاسا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "قۆناغی ئێستا پێویستی بە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی هەموان و پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و پاراستنی یەکڕیزی، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق هەیە، لەگەڵ بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکانیان لە سایەی دەوڵەتێکی بەهێزدا کە یاسا تێیدا سەروەر بێت".