بەغداد – INA - ئامنە سەلامی
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستپێکردنی پلانێکی بەربڵاوی بڵاوەی ئەمنی لە بەغداد و پارێزگاکان لە ماوەی ڕۆژانی جەژندا ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لەسەر سزادانی بەکارهێنەرانی یارییە ئاگرینەکان و فیشەکە شێتەکان و فیشەکی ساچمەیی (گۆيی ئاسنین) کردەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و سەلامەتی خێزان و منداڵان.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، عەقید محەمەد عەلی ئەلحەسوون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بریکاری باڵای وەزارەت، حوسێن ئەلعەوادی، مەفرەزەکانی فریاکەوتن (نەجدە)، فریاکەوتنی ئۆتۆمبێلی و هێزە هەواڵگرییەکان دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردووە، لەگەڵ توندکردنەوەی ڕێکارەکان بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتن و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان، تەقەمەنییەکان، فیشەکی ساچمەیی و یارییە مەترسیدارەکان". ناوبراو جەختیشی کردەوە کە "فەرمان بە هێزە ئەمنییەکان کراوە بۆ لێپرسینەوە و سزادانی سەرپێچیکاران بەپێی ڕێکارە یاساییەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتیدا".
ئاماژەی بەوەش کرد، کە "وەزارەتی ناوخۆ هەوڵدەدات ئەم جەژنە بێ ڕووداو بێت، و ڕێگە بە هیچ ڕەفتارێک نادات کە کەشی ئەم بۆنەیە تێکبدات"، ڕوونیشی کردەوە کە "ڕێکارەکان بەدواداچوونی سەرپێچییەکانی پەیوەست بە یارییە مەترسیدارەکان و یارییە ئاگرینەکان دەگرێتەوە".
له درێژهدا وتی: "پاراستنی منداڵان پێویستی بە چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیرکردن هەیە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی یاری و چەکە پلاستیکییەکان، یارییە ئاگرینەکان و فیشەکە ساچمەییەکان گرتووەتە ئەستۆ، بەهۆی ئەو زیان و برینداربوونانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا تۆمارکراون".
حەسوون داوای لە "هاووڵاتییان کرد هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن و ڕێگری لە منداڵەکانیان بکەن لە بەکارهێنانی ئەم یارییە مەترسیدارانە یان یاریکردن پێیانەوە"، جەختیشی لەسەر "بەردەوامی وەزارەت لە سزادانی سەرپێچیکاران بەپێی ڕێکارە یاساییەکان کردەوە، هاوشانی بەردەوامیی هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەوە بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم یارییانە".


