نەجەفی ئەشرەف – INA – حەیدەر فەرمان
ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەفی ئەشرەف ئامادەکردنی پلانێکی ڕێکخستن و ئەمنیی نەرمی تایبەت بە پاراستنی قەرەباڵغی ملیۆنی لە جەژنی قوربانی پیرۆزدا ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە دابەشکردنی پارێزگاکە بۆ ١٠ ناوچەی ئەمنی و گرتنەبەری ڕێکاری هاتووچۆی نەرم لە وادی سەلام کرد.
عەقید موفید سالم تاھیر، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "فەرماندەیی پۆلیس بە ڕێنمایی بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ، پلانێکی ڕێکخستن و ئەمنیی تایبەت بە جەژنی قوربانی پیرۆز ئامادەکردووە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پارێزگاکە دابەشکراوە بۆ ١٠ ناوچەی ئەمنی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە، لیوا محەمەد جابر زیاب ئەلفەتلاوی".
وتیشی: "پلانی ئەمنییەکە جەختی کردووەتەوە لەسەر پاراستنی شوێنە گەشتیاری و کاتبەسەربردنەکان کە لە ڕۆژانی جەژندا پێشوازییەکی بەرفراوانی هاووڵاتییانیان لێدەکرێت، سەرەڕای شوێنەکانی پەرستش کە باوەڕداران لە جەژنی قوربانی پیرۆزدا ڕووی تێدەکەن".
تاهیر ڕوونیکردەوە کە "پلانەکە توندکردنی ڕێکارە ئەمنی و ڕێکخستنییەکانی لە گۆڕستانی وادی سەلامیش لەخۆگرتووە، لەگەڵ داڕشتنی پلانێکی هاتووچۆی نەرم کە ڕێگە بە ڕەوانی جووڵەی سەردانکەران دەدات"، داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە "هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنن و دووربکەونەوە لە گواستنەوەی تاکەکەسی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغییەکی زۆری هاتووچۆ، بەتایبەت لە دەوروبەری گۆڕستانەکەدا".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە ڕێنمایی داوەتە بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی بۆ پشکنیینی ئامادەیی و تواناکانیان بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان لە ماوەی پشووی جەژندا"، ڕوونیشیکردەوە کە "هەماهەنگییەکە شارەوانی نەجەفیشی گرتووەتەوە بۆ بەهێزکردنی هەوڵە خزمەتگوزاری و ڕێکخستنییەکان".
لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "فەرماندەییەکە مەشقێکی ئەمنیی گەورەی لە ناوچەی بادایە (بیابان) بە سەرپەرشتی جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە ئەنجامداوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو مەشقە خولییانەی کە فەرماندەییەکە بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی ئەمنی جێبەجێی دەکات".
سەبارەت بە هاتنی سەردانکەرانی بیانی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بەرەو پارێزگای نەجەف، تاهیر جەختی کردەوە کە "فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانە لە بەڕێوەبردنی قەرەباڵغی ملیۆنیدا، و پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆری سەردانکەران بابەتێکی کتوپڕ و نائاسایی نییە"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "پلانێکی گشتگیر هەیە بۆ ڕێکخستنی هاتنی سەردانکەران و بەڕێوەبردنی جووڵەیان و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، ئەمەش دوای سەرکەوتنی فەرماندەییەکە لە جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکانی تایبەت بە سەردانەکانی پێشوو".


