بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، نێردەی حەجی عێراقی، بەخشینی دیارییەکی دارایی نەختینەیی (کاش)ی بە حاجیانی عێراقی بە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی ڕاگەیاند.

نێردەی حەج لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی نێردەی حەجی عێراقی، شێخ سامی مەسعوودی، ڕاسپاردەیەکی بەپەلی دەرکردووە کە بەپێی ئەو دیارییەکی دارایی دەبەخشرێتە حاجیانی عێراقی لە وڵاتی سعوودیە ، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی حەج لەسەریان، و لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی ئەو بایەخە گەورەیەیە کە بە دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاڵپشتی و چاودێری بۆ میوانانی خودا دەدرێت".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەخشینی دیارییەکە لە سەرچاوە زاتییەکانی دەستەی باڵای حەج و عەمرە دەبێت؛ بە ئامانجی سووککردنی ئەرکە داراییەکان لەسەر شانی حاجیانی عێراقی، و ڕێگەخۆشکردن بۆیان تاوەکو مناسیکەکانیان لە کەشێکی پڕ لە دڵنیایی و ئارامیدا ئەنجام بدەن".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "لیژنە پسپۆڕەکان دەستیان کردووە بە گەیاندن و ڕادەستکردنی بڕە پارەکان بە حاجیان لەناو ئەو هۆتێلانەی تێیدا نیشتەجێن لە مەککەی پیرۆز، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی ڕێکخستنی گشتگیردا کە لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی نێردەکەدا بەڕێوەدەچێت؛ بۆ مسۆگەرکردنی گەیشتنی پارەکە بە ئاسانی بەدەست سەرجەم سوودمەندان".

نێردەی حەج جەختی کردەوە کە "ئەم ڕاسپاردەیە بەرجەستەکردنی ئەو ڕێبازە مرۆیی و خزمەتگوزارییەیە کە دەوڵەتی عێراق لە چاودێریکردنی میوانانی خودا و سووککردنی بارگرانییەکانی سەر شانیان لەسەر زەوییە پیرۆزەکاندا گرتوویەتیەبەر".