بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری داد خالید شوانی و باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) لە عێراق عیرفان سدیق، دۆسیەی دۆخی ئەو بەندکراوە بەریتانییانەیان تاوتوێ کرد کە لە دامەزراوەکانی چاکسازیدا ڕاگیراون، لەگەڵ میکانیزمەکانی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.
وەزارەتی داد لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: وەزیری داد خالید شوانی پێشوازی لە باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق عیرفان سدیق کرد، و تێیدا باڵیۆز پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی وەزیر کرد بە بۆنەی نوێکردنەوەی متمانە پێی وەک وەزیری داد لە حکومەتی ئێستادا.
ئەوەشی خستە ڕوو کە "لە ماوەی دیدارەکەدا باسیان لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دادوەری و یاساییەکانی نێوان هەردوو وڵات، و بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی لایەنێنن کرد"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەردوولا دۆخی ئەو بەندکراوە بەریتانییانەیان تاوتوێ کرد کە لە دامەزراوەکانی چاکسازیی عێراقدا ڕاگیراون، لەگەڵ میکانیزمەکانی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان بەپێی ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن و هاوکارییە یاساییانەی لە نێوان عێراق و شانشینی یەکگرتوودا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی سزادراوان واژۆ کراون".
ڕوونیشی کردەوە کە "دیدارەکە دۆسیەی ئەو بەندکراوانەشی گرتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە".
وەزیر جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی و هاندانی ئەو وڵاتانەی پێوەندیدارن بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی خۆیان کە لە دامەزراوەکانی چاکسازیی عێراقدا هەن، ئەمەش بەپێی چوارچێوە یاساییەکان و یاداشتنامە دووقۆڵییەکانی لێکتێگەیشتن".
لەلایەن خۆشییەوە، باڵیۆزی بەریتانیا جەختی کردەوە لەسەر "پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لە دۆسیە جیاوازەکانی جێگەی بایەخی هاوبەشدا".

