ئەنبار – INA – ئەحمەد دلێمی

ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی تەندروستیی ئەنبار، ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیری بۆ پاڵپشتیی پزیشکی و فریاکەوتنی تایبەت بە جەژنی قوربانی پیرۆز ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە وردەکارییەکانی پلانەکە کرد.

بەڕێوەبەری بەشی نەشتەرگەری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە فەرمانگەی تەندروستیی ئەنبار، محەمەد خەیری سەعید، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پلانی پاڵپشتیی پزیشکیی فریاکەوتنی تایبەت بە جەژنی قوربانی پیرۆز بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی ئەنبار و بە بەشداریی یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی بەش و هۆبە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارەکان لە نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکاندا و مامەڵەکردنی خێرا لەگەڵ هەر حاڵەتێکی کتوپڕ کە ڕەنگە لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ڕووبدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "فەرمانگەی تەندروستی پلانێکی گشتگیری داناوە کە لایەنەکانی چارەسەری، خۆپارێزی و خزمەتگوزاری دەگرێتەوە، لەگەڵ پشتبەستن بە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی لە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکاندا".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها پلانەکە پێکهێنانی ژوورێکی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەشی نەشتەرگەری و خزمەتگوزارییە پزیشکییە فریاکەوتنەکاندا لەخۆدەگرێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە بەستراوەتەوە، سەرەڕای پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی لاوەکی لە نەخۆشخانەکاندا کە بە درێژایی 24 کاتژمێر کاردەکەن بۆ بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی کارەکان و وەڵامدانەوەی دەستبەجێ بۆ حاڵەتە کتوپڕەکان".

ڕوونی کردەوە کە "پلانەکە جەختیشی کردووەتەوە لەسەر مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارکردنی هۆڵەکانی فریاکەوتن، ڕاوێژکارییەکان و نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان بێ پچڕان، لەگەڵ ڕێکخستنی دەوامی ستافە پزیشکی، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان بەپێی سیستەمی ئێشکگری بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هاووڵاتیان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "فەرمانگەی تەندروستی ڕاسپاردەی داوە بۆ دابینکردنی تیمە پزیشکی و نەشتەرگەرییەکان و پسپۆڕییە پاڵپشتەکان بەپێی پێویستی، سەرەڕای بەهێزکردنی کۆگای دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان، دەرمانە ڕزگارکەرەکانی ژیان، شلە دەمارییەکان (مغذی) و ئۆکسجین لە سەرجەم نەخۆشخانەکاندا".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "پلانەکە بڵاوکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا لە مزگەوتەکان، شوێنەکانی نوێژی جەژن، باخچەکان، شارەکانی یاری، و شوێنە گەشتیاری، کاتبەسەربردن و ئاینییەکان لەخۆدەگرێت کە لە ڕۆژانی جەژندا چڕی و قەرەباڵغی مرۆیی بەخۆیانەوە دەبینن، بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەکانی وەڵامدانەوە و گواستنەوەی پزیشکی لە کاتی پێویستدا".

جەختیشی کردەوە کە "دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگاکە ئامادەیی خۆیان بە تەواوی بەرزکردووەتەوە لە ڕێگەی زیادکردنی توانای وەرگرتنی قەرەوێڵەکان لەناو هۆڵەکانی فریاکەوتندا و کەمکردنەوەی داگیرکردنی قەرەوێڵەکان بە حاڵەتە نا فریاکەوتنەکان لە ماوەی جەژندا، بە شێوازێک کە گرتنەخۆیی هەر حاڵەتێکی کتوپڕی چاوەڕوانکراو مسۆگەر بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "فەرمانگەی تەندروستی کاری کردووە بۆ دابینکردنی کۆگایەکی پێویست لە خوێن و بەشەکانی لە بانکە سەرەکییەکانی خوێندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرەها حاڵەتی مەترسیدار و کتوپڕ، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنە و تیمی مەیانی بۆ بەدواداچوونی کاری دامەزراوە تەندروستییەکان لە مەیداندا و چارەسەرکردنی هەر بەربەستێک بە شێوەیەکی دەستبەجێ".

لە لایەنی خۆپارێزیشەوە، سەعید ڕوونی کردەوە کە "پلانی جەژنی قوربانی پیرۆز چڕکردنەوەی چاودێریی تەندروستی لەسەر دووکانەکانی فرۆشتن و ئامادەکردنی خۆراک، خواردنەوەکان و ئاوی خواردنەوە لەخۆدەگرێت، سەرەڕای بەدواداچوونی چێشتخانەکان، بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکان بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەکان و خۆپاراستن لە حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی خۆراکی".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "تیمەکانی چاودێریی تەندروستی و پەتاکان لە ڕۆژانی جەژندا بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ چاودێریکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و حاڵەتە نەخۆشییە کتوپڕەکان و ڕاپۆرتکردنیان بە پەلە لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "فەرمانگەی تەندروستیی ئەنبار، بەردەوامە لە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ فاماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، فەرماندەیی پۆلیس و لایەنە پاڵپشتەکانی تر بۆ پاراستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجیستی و پشتیوانی پێویست بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان لە ڕۆژانی جەژندا"، ڕوونی کردەوە کە "ستافە تەندروستی و پزیشکییەکان لە پارێزگای ئەنبار لە دۆخی ئامادەباشی و چالاکبوونی تەواودا دەبن لە درێژایی ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا بۆ مسۆگەرکردنی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پزیشکی، چارەسەری و خۆپارێزی بە هاووڵاتیان".