بەغدا - INA
بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزشی کەربەلا، ئەکادیمیایەکی خۆڕایی تۆپی پێی بۆ تەمەنە جیاوازەکان لە سێنتەرەکانی لاوان، هۆڵەکان و یاریگاکاندا لە ماوەی پشووی هاوینەدا ڕاگەیاند، بە ئامانجی ڕاکێشانی خوێندکاران و بەکارهێنانی کاتەکانی بەتاڵییان لە چالاکییە وەرزشی و لاوانەییەکاندا.
بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی کەربەلا، عەممار عەبدولزەهرە خەفاجی، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتییەکە پلانێکی گشتگیری بۆ پشووی هاوینە ئامادەکردووە کە لایەنەکانی وەرزشی، لاوان و زانستی دەگرێتەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی گرنگیدان بە تەمەنە جیاوازەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "لایەنی وەرزشی لە پێشەنگی پلانەکەدایە لە ڕێگەی کردنەوەی ئەکادیمیایەکی تۆپی پێ بۆ تەمەنە جیاوازەکان لە سەرجەم سێنتەر، هۆڵ و یاریگاکاندا، لەگەڵ تاوتێکردنی ڕێگاکانی پەرەپێدانی بەرنامە ڕاهێنانکاری و ڕێکخستنەکان، و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە تەمەنەکانی مناڵان، نەوجەوانان و لاوان".
خەفاجی ڕوونکردنەوەی دا، کە "ئەکادیمیاکە ڕاستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوە کۆتاییەکانی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی دەست بە کارەکانی دەکات"، جەختیشی کردەوە کە "سەرجەم چالاکییەکان بە خۆڕایی دەبن وەک پاڵپشتییەک بۆ لاوانی پارێزگاکە".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە "ڕاهێنەرەکان لەو فەرمانبەرانە دەبن کە لە دامەزراوە وەرزشییەکاندا کاردەکەن و بڕوانامەی ڕاهێنەرییان هەیە و دەرچووی بەشی پەروەردەی وەرزشین، لەگەڵ یاریزانانی پێشوو کە نوێنەرایەتی یانەکانی خولی ناوخۆییان کردووە لە کەربەلا و لەسەر ئاستی عێراق".
ئەوەشی خستەڕوو کە "پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکە تەنها لەسەر لایەنی وەرزشی ناوەستێت، بەڵکو دوو گرووپی شانۆ و سروودیش بە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە پێکهێنراون، کە لاوانی سەردانکەر دەگرێتەوە بۆ پشکداریکردن لە فیستیڤاڵ و بۆنەکاندا لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگاکە".
خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئامانج لەم چالاکییانە ڕەخساندنی دەرفەتە لەبەردەم خوێندکاران بۆ ئەنجامدانی خولیایە وەرزشی، هونەری و زانستییەکانیان، و سووکردنی بارگرانی سەر شانی خێزانە کەمداهاتەکان، لەپاڵ لەخۆگرتنی لاوان و گەشەپێدانی تواناکانیان".
