بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران بەرەو زیاتر پیشەییبوون و بەرهەمداری دەڕوات، ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بنیاتنەرانە بەڕێوەدەچن و بە نوێنەرانی گوتووە کە پەلە نەکەن لە ئەنجامدانی هیچ ڕێککەوتنێک،چونکە کات لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (تروث سۆشیاڵ) نووسیویەتی: هەر هەواڵێک تایبەت بێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران،هەواڵێکی باش دەبێت، من ڕێککەوتنێکی دۆڕاو واژۆ ناکەم، پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران بەرەو پیشەییبوون و بەرهەمداری زیاتر دەڕوات.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ناتوانم ئێستا باسی ڕێککەوتنی ئێران بکەم و بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە منەوە هەیە.
لە لایەکی دیکەوە ترەمپ ئەوەی خستە ڕوو : کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە باراک حوسێن ئۆباما و تیمی کارگێڕییە بێتواناکەی پێشکەشیان کرد و واژۆیان کرد، یەکێکە لە خراپترین ئەو ڕێککەوتنانەی وڵاتەکەمان تا ئێستا کردوویەتی.
ڕوونیشیکردەوە کە: ئەوەی پێشتر هەبوو، ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی ئیدارەی ترەمپ ئێستا لەگەڵ ئێران دەیانکات، بابەتەکە زۆر جیاوازە، بەڵکو بەپێچەوانەی ئەوەوەیە.
سەبارەت بە رەوتی گفتوگۆکان، ترەمپ روونیکردەوە کە دانوستانەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بنیاتنەرانە بەڕێوەدەچن و من بە نوێنەرانم گوتووە پەلە نەکەن لە ئەنجامدانی هیچ ڕێککەوتنێک، چونکە کات لە بەرژەوەندی ئێمەدایە.
ئاشکراشیکرد ، کە گەمارۆکان بەردەوام دەبن تاوەکو ڕێککەوتنێک دەکرێت و پەسەند دەکرێت و واژۆ دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: دەبێت هەردوو لا بە هێمنی هەڵسوکەوت بکەن و دڵنیابن لە دروستی ڕێککەوتنەکە، بواری هەڵە نییە.
هەروەک وتی: دەبێت ئەوان تێبگەن کە ناتوانن چەک یان بۆمبی ئەتۆمی پەرەپێبدەن یان خاوەندارێتی بکەن.
لە کۆتایی تویتەکەیدا ترەمپ دەڵێت : سوپاسی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم بۆ پاڵپشتی و هاوکارییەکانیان.


