مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕەنگە تا ئێوارەی یەکشەممە هەواڵێک لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بێتە ئاراوە کە ڕەنگە بە فەرمی کۆتایی بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.

ڕوبیۆ لە نیودهلی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە جیهان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەندێک هەواڵی خۆش بەدەستبهێنێت."

ڕوبیۆ کە لە یەکەم سەردانی خۆیدایە بۆ هیندستان، ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە چارەسەری نیگەرانییەکانی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە تەنگەی هورمز کە ئێران تاڕادەیەکی زۆر لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کێشەی بۆ دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ڕێککەوتنە پرۆسەیەک دەستپێدەکات کە "لە کۆتاییدا دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە سەرۆک دەیەوێت لێی بین، کە ئەویش جیهانێکە چیتر ناچار نین لە ئێرانێکی ئەتۆمی بترسین و نیگەران بین."

لێدوانەکانی ڕۆبیۆ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو پێشنیازە کە کردنەوەی تەنگەی هورمز لەخۆدەگرێت، "بە چڕی دانوستانی لەسەر کراوە."

پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە "تەنها ڕێککەوتنێک واژۆ دەکەم کە تێیدا هەموو ئەو شتانەی کە دەمانەوێت دەستمان بکەوێت."