کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە کاردانەوە بە هەواڵی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترامپ کچی سەرۆکی ئەمەریکا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویان کردووەتەوە، ئەوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە کە ئیڤانکا ترامپ سەلامەتە و دەڵێن "ئەم پیلانی تیرۆرە شکستخواردووە ڕووی ڕاستەقینەی ئێران نیشان دەدات و دەیسەلمێنێت بۆچی دەبێت دڵنیابین لەوەی کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنن."
کۆمارییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە بەرپرسانی ڕژێمی ئێران "ڕقیان لە ئەمەریکایە و بەڕوونی سەرۆک ترامپ وەک ئەو پیاوە دەبینن کە وەک بەربەستێک لەنێوان ئەوان و مردن بۆ ئەمەریکادا وەستاوە، هەر بۆیە کچەکەی دەکەنە ئامانج."
کۆمارییەکان ئەو پیلانە بۆ تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترامپ لەلایەن شانەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بە "قێزەون" ناو دەبەن.
میدیاکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بڵاویان کردەوە کە ئیڤانکا ترامپ کچی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بووەتە ئامانجی پیلانی تیرۆرکردنی کەسێکی سەر بە سوپای پاسداران.
ئەو کەسە بە ڕەگەز عێراقییە و ناوی محەمەد باقر سەعد داود ئەلسەعدییە و چەند ڕۆژ پێش لە تورکیا دەستگیرکراوە و بۆ دادگاییکردن بۆ ئەمەریکا گواستراوەتەوە. بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەو مەبەستی بووە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بکاتەوە بە تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترامپ.
ئەلسەعدی وێنەیەکی نەخشەی ئەو ناوچەیەی لە فلۆریدا ماڵی ئیڤانکا ترامپ و جەرێد کوشنەری هاوسەری تێدایە، لە ئێکس بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵ پەیامێکی هەڕەشەئامێز بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی "بە ئەمەریکاییەکان دەڵێم، سەیری ئەم وێنەیە بکەن و بزانن نە کۆشکەکانتان و نە دەزگای نهێنی ناتانپارێزن، ئێمە ئێستا لە قۆناغی چاودێری و شیکاریداین، پێم وتوون لە تۆڵەسەندنەوەکەمان تەنها پرسی کاتە و کاتی خۆی دەگات."
ئینتیفاز قەنبەر، جێگری پێشووی هاوپەیمانی سەربازی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن بە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاندووە، "دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئەو [ئەلسەعدی] بە دەوروبەرەکەی دەگوت، 'دەبێت ئیڤانکا بکوژین بۆ ئەوەی بتوانین ماڵی ترامپ بسوتێنین وەک ئەوەی ماڵی ئێمەی سووتاندووە." جەرێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترامپ و هاوسەری ئیڤانکا ترامپ، ئەندامی سەرەکی تیمی دانوستانکاری ئەمەریکایە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران.


