ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز، لە زاری سەرچاوەکانی ئەمەریکا، ئێران و پاکستانی ناوەندگریشەوە ڕایدەگەیەنێت، پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەست هاتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە تاران ئێستا سەرنجی خۆی خستووەتە سەر تەواوکردنی “یاداشتی تێگەیشتن”، دوای ئەوەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان، کۆبوونەوەیان هەبوو.
میدیای فەرمی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە عاسیم مونیر پێش ئەوەی تاران بەجێبهێڵێت لەگەڵ سەرۆک مەسعود پزیشکیانیش کۆبووەتەوە. سوپای پاکستانیش دەڵێت گفتوگۆکانی 24 کاتژمێری ڕابردوو “پێشکەوتنێکی هیوابەخش”یان بەرەو تێگەیشتنێکی کۆتایی بەرهەم هێناوە.
پێشتریش هەر ئەمڕۆ شەممە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە لە سەردانێکی فەرمیدایە بۆ هیندستان ڕایگەیاند هەندێک پێشکەوتن لە پرسی ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە و واشنتن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا "شتێکی بۆ ڕاگەیاندن" دەبێت.
ڕوبیۆ لە نیودهلی بە ڕۆژنامەنووسانی "هەندێک پێشکەوتن کراوە، ئێستاش کە قسەتان لەگەڵ دەکەم، کار لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە. ئەگەری هەیە ئەمڕۆ، سبەی یان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شتێک بڵێین."
ئیسمائیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وتی "ئاراستەی ئەم هەفتەیە بەرەو کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان بووە، بەڵام هێشتا بابەتگەلێک هەن کە لە ڕێگەی ناوەندگیرانەوە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە. دەبێت چاوەڕوان بین بزانین لە سێ یان چوار ڕۆژی داهاتوودا بارودۆخەکە بۆ کوێ دەگات."
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدا کە گفتوگۆکان لە دەوری بەڵگەنامەیەکی 14 خاڵی پێشنیارکراو لەلایەن ئێرانەوە دەخولێن، کە تاران بە چوارچێوەی سەرەکیی گفتوگۆکان دەزانێت، هەروەها پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکان لەنێوان دوو لاکەش.
ئیسمائیل بەقایی وتی بابەتی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر گواستنەوەی دەریایی ئێران گرنگە، بەڵام ئامانجی سەرەکی تاران کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەی هێرشی نوێی ئەمریکا و شەڕی بەردەوام لە لوبنان، کە تێیدا حیزبوڵڵای هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەجەنگێت.
لە بەرامبەردا، مارکۆ ڕوبیۆ داواکارییەکانی دۆناڵد ترامپی دووبارە کردەوە و وتی "ئێران نابێت هەرگیز چەکی ناوەکی هەبێت. دەبێت ڕێگای هورمز کراوە بێت بەبێ باج، و دەبێت یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ڕادەست بکات."
