بە گوێرەی هەواڵدەری فەرمیی قەتەر، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە, محەمەد بن عەبدوڵڕەحمان ئال ثانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عەراقچی، وێڕای پشتگیری لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ناوەکی ئێران، هۆشداری داوە کە داخستنی تنگەی هورمز یان بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی گوشار، قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە و بەرژەوەندییە گرنگەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە قەتەر، هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکردن لەگەڵ تاران، لە ئاستی ناوچەییشدا چالاک بووە. ئاژانسی هەواڵدەری قەتەر ڕاپۆرتی داوە کە وەزیری دەرەوەی قەتەر لە پەیوەندییەکی جیاوازدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی، سەبارەت بە ناوبژیوانیی پاکستان لەنێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی و هەماهەنگی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان گفتوگۆی کردووە.

دۆحە هەروەها لەگەڵ ئوردن و تورکیا سەبارەت بە پشتگیری لە هەوڵە ناوبژیوانییەکان و ڕێگریکردن لە توندبوونەوەی دووبارەی قەیرانەکە ڕاوێژی کردووە.