بەدواداچوون - INA

پارتی گەلی کۆماری (CHP)، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا، تانەی پێشکەش بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد دژی بڕیارێکی دادوەری کە کۆنگرەی گشتی پارتەکەی هەڵوەشاندەوە و کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەڕاندەوە بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە.

دوێنێ ئێوارە پێنجشەممە، ژووری شارستانی ٣٦ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەیی لە ئەنقەرە بڕیارێکی دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی گشتی نائاسایی (کۆنگرەی ٣٨ەمی پارتەکە) کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجامدرا، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی لقی پارتەکە لە ئیستانبوڵ کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجامدرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزێل وەک سەرۆکی ئێستا و تەواوی دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردران.

ئەم بڕیارە بەو واتایەیە کە سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە دەگەڕێتەوە.

بڕیارەکەی دادگا مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە سیاسییەکانی تورکیادا نایەوە و زۆر کەس بە دەستوەردانی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دەسەڵاتدار (AKP) لە کاروباری دادوەری و بەسیاسیکردنی دادگایان لەقەڵەمدا، بە مەبەستی دروستکردنی کێشەی ناوخۆیی و لێکترازان لە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتدا.

لەلایەکی دیکەوە، لایەنە فەرمییەکان و پارتی دەسەڵاتدار دەستوەردان لە کاروباری دادوەری ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بڕیارەکە تەنها بڕیارێکی دادوەرییە و سیاسی نییە.

دادگا لە بڕیارەکەیدا پشتی بەوە بەستووە کە پێی دەڵێت پێشێلکاریی مەترسیدار کە کاری کردووەتە سەر ئیرادەی ئازادانەی نوێنەران (ئەندامانی کۆنگرە)"، دیارترینیان: وەرگرتنی پارەی کاش و بەڵێنی دامەزراندن و کاندیدکردن لە بەرامبەر دەنگەکانیاندا، جگە لە ناچارکردنی هەندێکیان بۆ ناردنی وێنەی کاغەزی دەنگدانەکەیان، کە ئەمەش پێشێلکردنی نهێنیی دەنگدانە.

دادگا ئەوەی ڕوویداوە بەوە وەسف کردووە کە لە سنووری سەرپێچییە کارگێڕییە سادەکان تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستی پێشێلکارییەکی ڕاشکاوانەی سیستەمی گشتی و یاسا.

لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگا، ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە پۆستەکەی لادرا، و جارێکی دیکە کەمال کڵیچدار ئۆغڵو ڕاسپێردرایەوە بۆ گرتنەدەستی جڵەوی کاروباری پارتەکە "تا ئەوکاتەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت و تا کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی گشتی نوێ.

سەرچاوە: ڕووسیا تودەی