بەغدا - INA

وەزارەتی گواستنەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری بۆ پشتگیریکردنی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان ڕاگەیاند.

ڕاگەیەندراوێکی وەزارەت کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ئاماژەی بەوە کردووە: بە چاودێری وەزیری گواستنەوە، وەهەب حەسەنی، گرێبەستی ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری هاوبەش لە نێوان کۆمپانیای گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری گشتی، مەنناف عەبدولمونعیم عاجل و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، عەدنان درجال واژۆکرا؛ ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی هاوبەشیی دامەزراوەیی و دابینکردنی چترێکی گواستنەوەی گشتگیر کە هاوکار بێت لە ئاسانکاریی ئەرکی وەفدی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان لە کاتی بەشدارییەکانیاندا لە پاڵەوانێتییە دەرەکییەکاندا.

ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردەوە کە ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی ئەو پشتگیرییە بەردەوامەدایە کە کارگێڕی باڵای وەزارەتی گواستنەوە گرتوویەتیە بەر، هەروەها بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی کۆششە نیشتمانییەکان بە مەبەستی پێشخستنی کایەی وەرزشی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکانی گواستنەوە کە هاوکار بێت لە سەرکەوتنی بەشداریی هەڵبژاردەکان لە هەموو پاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا، و دابینکردنی باشترین کەشوهەوا بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق بە شێوەیەک کە شایستە بە ناو و پێگەکەی بێت