نووسینی: عادل جبووری

لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر حکومەتێکی نوێ و دەستپێکردنی کارەکانی، ئاستی گفتوگۆ و مشتومڕی سیاسی و جەماوەری دەربارەی ئەوەی چ دەستکەوت و دەستپێشخەرییەک پێشکەش دەکات، چ کێشە و قەیرانێک چارەسەر دەکات، و چ گۆڕانکارییەک دروست دەکات، بەرز دەبێتەوە. چونکە ئەو بەڵێنانەی هەر جارێک دەدران زۆر و گەورە بوون، بەڵام بەداخەوە جێبەجێکردنیان و گۆڕینیان بۆ واقیعێکی کردەیی لەسەر زەوی نە زۆر بوون و نە گەورە، هەربۆیە نائومێدی و بێهیوایی لە ناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا گەشەی سەند و فراوانتر بوو، بەبێ ڕەچاوکردنی هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان.

بێگومان هەلومەرجی بابەتییانەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری هەبوون کە لە هەندێک کاتدا ڕێگر بوون لە گۆڕینی بەرنامە تیۆرییەکانی حکومەت بۆ پڕۆژەی کردەیی کە هاووڵاتی ئاسایی لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا هەستی پێ بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بڕێکی زۆر لە هەڵەی مەبەستدار و بێ مەبەست هەبوون کە لە ماوەی بیست و سێ ساڵی ڕابردوودا کەڵەکە بوون، تا گەیشتە ئاستێک کە چارەسەرکردنیان و کۆنترۆڵکردنی ئاسەوارە نەرێنییەکانیان لە ماوەیەکی کورتدا کارێکی زۆر سەخت بێت.

حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی (عەلی زەیدی)، ڕەنگە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و چارەنووسسازدا بێت؛ یان دەبێتە درێژەپێدەری هەڵەکانی پێشوو و کەڵەکەبوونیان، کە دەرەنجامەکەی دەبێتە هەمان هەڵسەنگاندنی نەرێنی و ڕەشبینانەی جەماوەری، یان دەبێت کار بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو ڕێچکە و ڕێڕەوانەی کە هەڵە و نەرێنی بەرهەم دەهێنن و ڕێڕەوێکی پڕ لە ئەرێنی هەڵبژێرێت، ئەو کاتە هاووڵاتی بە هەموو ئاڕاستە جیاوازەکانییەوە چەپڵەی بۆ لێ دەدات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: چۆن ئەمە بەدی دێت؟ ئەمە کاتێک بەدی دێت کە سەرۆک وەزیران و تیمە حکومییەکەی ڕوو لە کێشە و قەیرانە بنەڕەتی و گەورەکان بکەن، کە بە چارەسەرکردنیان زۆرێک لە گرێکان دەکرێنەوە و دەرگایەکی فراوان بەڕووی ئاسۆیەکی ئەرێنیدا دەکرێتەوە.

ئەو قەیرانە گەورەیەی کە پێویستە سەرۆک وەزیران بەسەریدا زاڵ بێت، کێشەی "کارەبا"یە. لە ماوەی بیست و سێ ساڵی ڕابردوودا و لەگەڵ گۆڕانی حکومەتەکاندا، ئەم کێشەیە لە خولگەیەکی داخراودا ماوەتەوە، سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ پڕۆژەگەلێک کە هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لێنەکەوتووەتەوە، جگە لەو پارە زەبەندەی هاووڵاتیان خۆیان بۆ دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە خەرجیان کردووە.

چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بە شێوەیەکی بنەڕەتی نەک پینەوپەڕۆ , دەبێتە هۆی گۆڕینی دیدگای نەرێنی خەڵک بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی، جگە لەوەی دابینکردنی کارەبا دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و هاندانی وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی بەشێک لە بێکاری. بە واتایەکی تر، چارەسەری کارەبا خۆکارانە دەبێتە هۆی چارەسەربوونی کێشەکانی تریش. ئەگەر حکومەت لەمەدا سەرکەوتوو بێت، هەنگاوێکی زۆر گرنگی ناوە و متمانەی لەدەستچووی هاووڵاتیی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگێڕێتەوە.

کێشەی دووەم، نەبوونی دادپەروەرییە لە دابەشکردنی سەرچاوە و سامانەکاندا. دیارترین نموونە، ئەو مووچە و ئیمتیازە داراییە زەبەندە و گەورانەیە کە پلە تایبەتەکان (سەرۆکایەتییەکان، وەزیرەکان، پەرلەمانتاران، بریکاری وەزیرەکان، باڵیۆزەکان، فەرماندە سەربازییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان) هەیانە، لە بەرامبەر بێبەشبوونی چینێکی فراوانی کۆمەڵگە لە کەمترین دەرفەتی ژیانێکی شایستە. بێگومان کەمکردنەوەی ئەم مووچە و ئیمتیازانە کە هەزاران کەسن، دەبێتە هۆی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی باش بۆ بودجەی دەوڵەت کە دەکرێت لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بەکاربهێنرێت. هەروەها پێویستە جیاوازییە گەورەکانی مووچەی فەرمانبەران لە دام