بەدواداچوون - INA
بەرپرسێکی کۆشکی سپی تەئكیدیکردەوە: دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە لوتکەی کۆمەڵەی حەوت (G7) دەکات کە مانگی داهاتوو لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای بوونی جیاوازیی بۆچوون لە نێوان واشنتن و هاوپەیمانەکانی لەسەر چەندین پرسی جیاواز، لەوانەش جەنگی ئێران و باجە گومرگییەکان.
بڕیارە لوتکەکە کە وڵاتانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەخۆدەگرێت، لە ماوەی نێوان ١٥ بۆ ١٧ی حوزەیران لە شاری گەشتیاریی "ئیڤیان" لە لەسەر چیای ئەڵپ بەڕێوەبچێت.
کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاند کە فەرەنسا کاتی بەڕێوەچوونی لوتکەکەی گۆڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کارنامەکەی ترەمپدا بگونجێت، کە لە ١٤ی حوزەیراندا یادی ٨٠ ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت باسی ئەو بابەتانە بکات کە ژیریی دەستکرد، بازرگانی و بەرەنگاربوونەوەی تاوان لەخۆدەگرن.
بەڵام لوتکەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە گرژی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی ئەندامی کۆمەڵەکەدا هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بەو جەنگەی کە ترامپ لە مانگی شوباتدا دژی ئێران دەستیپێکرد.
ترەمپ بە توندی ڕەخنەی لە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی گرت بەهۆی پێشکەشنەکردنی هاوکاری بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، کە دوای داخرانی لەلایەن ئێرانەوە، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە جیهاندا.
هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان، لەوانەش کۆمەڵەی حەوت، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە لەسەر ئابووری وڵاتەکانیان، بەتایبەتی کە لە هەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ ئەو باجە گومرگییانەدا دەکەن کە ترەمپ سەپاندوونی.
تا ئێستاش ئامادەبوونی ترەمپ لە لوتکەی ناتۆ کە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، پشتڕاست نەکراوەتەوە.
