بەغداد- INA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر عەدنان وائیلی، ڕێنمایی دا بە ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە شۆفێرانی بارهەڵگر، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە خێراکردنی ڕەوتی کارەکان.
دەستەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه: "سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر عەدنان وائیلی لە نووسینگەی خۆیدا پێشوازی لە ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر و کارمەندانی کەرتی گواستنەوە کرد"، ڕوونیشیکردەوە کە "وائیلی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گوێی لە گرنگترین پێداویستی و ئەو کۆسپانە گرت کە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا دێنە ڕێیان."
بەپێی راگهیندراوهكه، وائیلی جەختی کردووەتەوە کە "ئەم توێژە کۆڵەکەیەکی سەرەکی پێکدەهێنن لە پاڵپشتیکردنی جووڵەی بازرگانی و مسۆگەرکردنی ئاسانكاری گواستنەوەی کاڵاکان لە نێوان پارێزگاکان و دەروازە سنوورییەکاندا"، ڕێنماییشی دا بە "بەدواداچوون بۆ تێبینییەکان، ڕەواندنەوەی کۆسپەکان و ئاسانکردنی ڕێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە خێراکردنی ڕەوتی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ ئاڕاستەکانی حکومەت کە ئامانجیان پاڵپشتیکردنی هەردوو کەرتی خزمەتگوزاری و ئابوورییە، جیا لە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ڕێکخراوتر و کارامەتر بۆ کارمەندانی کەرتی گواستنەوە."

