نێودەوڵەتی – INA

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرەیەسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە نیگەرانە لە خێرایی و ئاستی بڵاوبوونەوەی پەتای "ئایبۆلا".

ئەدهانۆم گێبرەیەسوس لە ماوەی بەڕێوەچوونی 79یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە جنێف وتی: "لەم کاتەدا زانیاریمان لەسەر زیاتر لە 500 حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە ڤایرۆسی (ئایبۆلا) و زیاتر لە 130 حاڵەتی گیانلەدەستدانی ئەگەری هەیە".

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی کردەوە کە 30 حاڵەتی تووشبوون لە باکووری کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و دوو حاڵەتیش لە ئۆگاندا پشتڕاستکراونەتەوە، و ڕوونیشیکردەوە کە لە نێوان تووشبووەکاندا هاوڵاتییەکی ئەمریکی هەیە کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا.

ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە دۆخی نائاسایی ڕاگەیاندووە، تەنانەت پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەپەلەی گرووپی شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

شایەنی باسە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بڵاوبوونەوەی ئایبۆلا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و ئۆگاندا، دۆخێکی نائاسایی تەندروستی گشتییە و جێگەی نیگەرانییەکی نێودەوڵەتییە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان