هەمەڕەنگ – INA

توێژەران ئامێرێکی زیندەیی (بایۆلۆجی) نەرمیان پەرەپێداوە کە بە تەکنەلۆجیای سێ ڕەهەندی (3D) چاپ کراوە. ئەم ئامێرە دەکرێت ڕێگەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دابین بکات کە بەرگری لە دژی دەرمان هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی ناردنی لەرەلەری (پەلسی) کارەبایی سووک بۆ شاریانی ملی (شاریانی ساباتسی).

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یەکێکە لە بەربڵاوترین کێشە تەندروستییەکان لە جیهاندا، و هاوکات یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی نەخۆشەکان دەتوانن لە ڕێگەی دەرمان و گۆڕینی شێوازی ژیانیانەوە کۆنترۆڵی دۆخی تەندروستی خۆیان بکەن، بەڵام هەندێک لە حاڵەتەکان وەڵامی چارەسەرە باوەکان نادەنەوە، تەنانەت ئەگەر چەندین دەرمانیش لە یەک کاتدا بەکاربهێنن.

تیمی توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی پێنسیلڤانیا، لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی جێگرەوە، ئامێرێکیان پەرەپێداوە کە ناویان ناوە "کارۆفلێکس" (Caroflex). ئەم ئامێرە جۆرێکی نوێیە لە ئەلیکترۆنیاتی زیندەیی کە لە ماددەی نەرم و کێشەر کێشراوە و هاوشێوەی شانە سروشتییەکانی ناو لەشن، ئامێرەکە تایبەتمەندی ئەوەی هەیە کە بەبێ پێویستی بە تەقەڵی نەشتەرگەری بە شانە زیندووەکانەوە دەنووسێت، کە ئەم تەقەڵانە لە داهاتوودا دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە قەدپاڵە ڕەقەکان یان شانەکانی دەوروبەری.

ئامێرەکە لە ڕێگەی هاندانی ئەوەی پێی دەوترێت "ڕەفڵەکسی وەرگرەکانی پەستان" کاردەکات، کە سیستمێکی سروشتییە و لەش بۆ پاراستنی جێگیری پەستانی خوێن بەکاری دەهێنێت. ئەم وەرگرانە بە چڕی لە ناوچەیەکدا هەن کە پێی دەوترێت "کەلەبێنی ساباتسی" (الجیبو السباتي)، کە بەشێکی بچووکە لە شاریانی سەرەکی مل و بەرپرسە لە گواستنەوەی خوێنی دەوڵەمەند بە ئۆکسجین بۆ سەر و مل.

کاتێک ئامێرەکە لەرەلەری کارەبایی سووک بۆ ئەم ناوچەیە دەنێرێت، وەرگرە دەمارییەکان چالاک دەبن، ئەمەش یارمەتی دابەزاندن و ڕێکخستنی پەستانی خوێن بە شێوازێکی ئارام و بێوەی دەدات.

سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، تاو تشو، ڕوونکردنەوەی دا کە هەندێک لە ئامێرە بازرگانییەکانی ئێستا هەمان بیرۆکە بەکاردەهێنن، بەڵام زۆربەی کات لە کانزا و پلاستیکی ڕەق دروست دەکرێن کە بە باشی لەگەڵ شانە نەرمەکانی ناو لەشدا ناگونجێن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە جێگیرکردن هەیە بە تەقەڵ، کە ئەمەش بەهۆی جووڵەی بەردەوامی شاریانەکانەوە لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات کێشە دروست بکات.

بەڵام "کارۆفلێکس" بە بەکارهێنانی ماددەی "هایدرۆجێڵ"ی نەرم دروستکراوە کە هاوشێوەی جێڵە، ئەمەش وای لێدەکات زیاتر کێشەر بێت و لەگەڵ لەشدا بگونجێت، هەروەها جەمسەری کارەبایی گەیەنەر و چینێکی لکێنەری بەهێز و بێ ژەهری تێدایە کە یارمەتی دەدات ڕاستەوخۆ بە شانەکانەوە بچەسپێت.

لە کاتی تاقیکردنەوە تاقیگەیییەکاندا، ئامێرەکە توانایەکی بەرزی لە کشانی بێ دڕان نیشاندا، و هێزی لکانی خۆی بۆ ماوەیەکی درێژ پاراست، هەروەها کاراییەکی باشتری لە گەیاندنی ئاماژە کارەباییەکاندا سەلماند بە بەراورد بە جەمسەرە باوەکانی کە لە پلاتین دروست دەکرێن.

لە تاقیکردنەوەکانی سەر ئاژەڵاندا، توێژەران ئامێرەکەیان لەناو کەلەبێنی ساباتسیی مشکی تاقیگەدا چاند، و تێبینییان کرد کە چوار لەو پێنج لەرەلەرە کارەباییەی تاقیکراونەتەوە، سەرکەوتوو بوون لە دابەزاندنی پەستانی خوێن بە ڕێژەی زیاتر لە 15% بە تێکڕا لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا.

هەروەها پشکنینەکان دوای دوو هەفتە لە چاندنی ئامێرەکە نیشانیاندا کە شانەکانی دەوروبەری ئامێرەکە بە ساغی ماونەتەوە، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی تێکچوون یان هەوکردنی بەرگری لەش دەرکەوێت.

توێژەران هیوادارن ئەم ئەنجامانە ڕێگا خۆش بکەن بۆ پەرەپێدانی چارەسەری ئارامتر و گونجاوتر بۆ ئەو نەخۆشانەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە و بەرگری لە دژی دەرمان دەکەن، بە ئاراستەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ لە داهاتوودا.

سەرچاوە: ئاژانسەکان