نێودەوڵەتی – INA
میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کۆبا دووبارە ڕەخنەی لە مەرسوومەکەی حکومەتی ئەمریکا گرتەوە کە داوای ڕاوەدووڕاونانی یاسایی ئەو وڵات و کۆمپانیایانە دەکات کە دەیانەوێت تەمویلی سووتەمەنی بۆ کۆبا دابین بکەن.
دیاز کانێل لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تێلیگرام"ەوە نووسیویەتی: "ئەو فەرمانە جێبەجێکارییەی (ئەمریکا) کە هەڕەشە لە لایەنە سێیەمەکان دەکات و گێچەڵیان پێ دەکات کە دەیانەوێت سووتەمەنی بە کۆبا بفرۆشن، کارێکی نامۆڕاڵی، نایاسایی و تاوانکارییە".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەمە توندکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکایە بۆ ئاستێکی بێپێشینە، بەو پێیەی سزا دەسەپێندرێت بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە هەوڵدەدەن وەبەرهێنان لە کۆبا بکەن یان کاڵا سەرەکییەکان بۆ وڵاتەکە دابین بکەن، لەوانەش کەرەستەی خۆراکی، دەرمان و بەرهەمەکانی پاکوخاوێنی".
سەرۆکی کۆبا جەختیشی کردەوە کە ئەو سزادانە بەکۆمەڵەی دژ بە گەلی کۆبا پێڕەو دەکرێت "کردەوەیەکی کۆمەڵکوژییە (جینۆساید) کە دەبێت لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرکۆنە بکرێت و ئەنجامدەرانیشی بدرێنە دادگا".
ئەم سزایانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕی گوشاردا دێن کە لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە دژ بە حکومەتی کۆبا سەرکردایەتی دەکرێت. لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، ترەمپ بە ئاشکرا باسی لە ئەگەری "دەستبەسەرداگرتنی دۆستانەی کۆبا" کرد و گوتی: "ڕەنگە کارەکە بە دەستبەسەرداگرتنێکی دۆستانە بۆ کۆبا کۆتایی پێبهێنین".
ئیدارەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردووەوە ڕێکارەکانی دژ بە کۆبا چڕتر کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە گەمارۆیەکی ڕاستەقینەی خستووەتە سەر هاوردەکردنی نەوت بۆ ناو شێوەدوورگەکە، ئەمەش بووەتە هۆی خراپترکردنی قەیرانی خنکێنەری وزە لەو وڵاتەدا، و پچڕانی بەربڵاوی تەزووی کارەبا و کەمیی توندی خۆراک و دەرمانی لێکەوتووەتەوە. هاوکات واشنتۆن سزای بەسەر کۆمپانیا و بەرپرسانی کۆبادا سەپاندووە، و هەڕەشەی سەپاندنی ڕسووماتی گومرگی لە هەر وڵاتێک دەکات کە نەوت بۆ هافانا دابین بکات.
سەرچاوە: ئاژانسەکان


