نێودەوڵەتی – INA
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ کەنەدا هەڵپەساردووە، ئەمەش لە پاشبنەمای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کاتێک ئۆتاوای تۆمەتبار کرد بەوەی پابەند نەبووە بە بەرپرسیارێتییە بەرگرییەکانییەوە.
ئێڵبڕیج کۆڵبی، بەرپرس لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند کە واشنتۆن بەشداریکردنی لە "ئەنجومەنی هەمیشەیی بەرگری هاوبەش" ڕاگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بە کەمتەرخەمیی کەنەدا لە سیاسەتە بەرگرییەکانیدا لەقەڵەمی دا و گوتی: "چیتر ناتوانین چاوپۆشی لەو کەلێنە بکەین کە لە نێوان گوتار و واقیعدا هەیە".
کۆڵبی ئاماژەی بە پێویستیی زیادکردنی وەبەرهێنانەکانی کەنەدا کرد لە توانای سەربازییدا و ڕوونی کردەوە: "تەنها لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە تواناکانی بەرگریماندا، ئەمریکی و کەنەدییەکان سەلامەت، سەقامگیر و گەشەسەندوو دەبن".
کۆڵبی لەگەڵ بڵاوکراوەکەیدا، ڤیدیۆیەکی گوتارەکەی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، مارک کارنی، هاوپێچ کردبوو کە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس پێشکەشی کردبوو؛ تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە سیستەمی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەهۆی ململانێی نێوان زلهێزەکان و پاشەکشەی هاوکارییەکانی سەر بە بنەمای یاساکان، بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت. لەو کاتەدا، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بە تووڕەیییەوە وەڵامی ئەو گوتارەی دایەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووڵاتییەکان، پەتەکانی هاوکاری نێوان واشنتۆن و ئۆتاوا لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە کانوونی دووەمی 2025ەوە بەرەو خراپی چوون، بەو پێیەی گرژییەکان بەهۆی سەپاندنی ڕسووماتی گومرگی و لێدوانە دووبارەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری کردنی کەنەدا بە "ویلایەتی پەنجاو یەکەمینی ئەمریکا" زیاتر بوون.
شایەنی باسە، ئەم ئەنجومەنە دووڵاتییە لە ساڵی 1940دا بۆ هەماهەنگیکردنی پرسەکانی ئاسایش و بەرگری لە نێوان هەردوو وڵاتدا دامەزراوە، و باڵاترین بەرپرسانی سەربازی و مەدەنی لە هەردوو لا لەخۆدەگرێت.
سەرچاوە: ئاژانسەکان

