نەجەفی پیرۆز - INA - حەیدەر فەرمان
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی تەندروستیی نەجەفی پیرۆز، کۆنتڕۆڵکردنی 65 باری خنکانی بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ڕووی لە پارێزگاکە کردووە ڕاگەیاند، هاوكات جەختی لەسەر خستنەگەڕی باری ئامادەباشی بۆ کادیرە پزیشکییەکانی لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە و بنکە تەندروستییەکانیدا کردەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بە هاووڵاتیان و سەردانیکەران.
گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای نەجەفی پیرۆز، ماهیر یاسر عەبوودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف عەبدوڵا محەمەد غەزالی، فەرمانی بە سەرجەم بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکان کردووە ئاستی ئامادەباشی بەرز بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە پارێزگای نەجەفی پیرۆز و ژمارەیەک لە پارێزگاکانی دیکە بەخۆیانەوە دەبینن، ئەمەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی هۆڵەکانی فریاکەوتن بۆ پێشوازیکردن لە بارەکانی خنکان، و جەختکردنەوە لە ئامادەبوونی پزیشکان و کادیرانی تەندروستی و پەرستاری، لە پاڵ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان، بەتایبەتی ئەوانەی تایبەتن بە بارەکانی خنکان، ڕەبۆ و حەساسییەت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ژمارەی بارەکانی خنکان کە تاوەکو ئێستا تۆمار کراون 65 باری تێپەڕاندووە، سەرجەمیان کۆنتڕۆڵ کراون، لە کاتێکدا چارەسەر و دەرمانەکان بە تەواوی بەردەستن".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەشی فریاکەوتنی خێرا ڕێنمایی داوە بە پێویستیی تەواوکردنی ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن بە ئۆکسجین، لەگەڵ دەستەبەرکردنی خێرایی بەدەمەوەچوون بۆ بارە مەترسیدارەکان"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "مەفرەزەی شەفا کە لە مەرقەدی عەلەوییەوە نزیکە، بە ئۆکسجین و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن ئامادە کراوە بۆ خزمەتکردنی سەردانیکەران".
بەردەوام بوو و وتی "سەرجەم نەخۆشخانەکانی فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف لە باری ئامادەباشیی تەواودان، لەگەڵ ئامادەبوونی گشتگیری کادیرانی پزیشکی و تەندروستی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان".

