بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان فەریق عومەر وائیلی، تێپەڕبوونی یەکەم کاروانی بارهەڵگرەکانی ترانزیتی لە تورکیاوە بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازەی ڕەبیعەوە ڕاگەیاند، کە باری پێداویستی جۆراوجۆری خۆراکیان هەڵگرتبوو.
وائیلی لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا کە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "پشتبەستن بە کارنامەی حکومەت بۆ تەوەری دووەم، کە لە بڕگەی دووەمیدا جەختی لەسەر ڕامیاریی دەرەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوسێی ناوچەکە کردووەتەوە، دەروازەی سنووریی ڕەبیعە ئەمڕۆ دەستپێکردنی گواستنەوەی ترانزیتی ئەو کاڵا تورکیانەی بەخۆیەوە بینی کە لە ڕێگەی خاکی سووریاوە بە بارهەڵگری تورکی هاتوون و لە دەروازەی سنووریی ڕەبیعەوە تێپەڕیون".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم هەنگاو و چالاکییانە هاوتەریبن لەگەڵ ڕێنماییەکانی حکومەت کە ئامانجیان هەمەجۆرکردنی ئابوورییە، لە پاڵ خستنەگەڕی جووڵەی گواستنەوەی ترانزيت لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە"، ئاوڕی لەوەش دایەوە کە "پێشبینی دەکرێت عێراق وەک ئەڵقەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی هاوسێدا بمێنێتەوە بە مەبەستی گەشەپێدانی گواستنەوەی سنووربڕ".
هەروەها وتی: "دەروازەی سنووریی ڕەبیعە لە پارێزگای نەینەوا، هاتنی یەکەم کاروانی بارهەڵگرەکان بەخۆیەوە دەبینێت کە لە تورکیاوە لە ڕێگەی دەروازەی تەل ئەبیەز لە باکووری سووریاوە بەرەو عێراق هاتوون و لە دەروازەی ڕەبیعەوە تێپەڕیون".
ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم ترانزیتە سنووربڕە دەستپێکێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و وڵاتانی هاوسێی ناوچەکە"، پێشبینیشی کرد کە "عێراق گواستنەوەی زیاتری ترانزیت بەخۆیەوە ببینێت، لە پاڵ خستنەگەڕی ڕێگەی گەشەپێدان لە ڕێگەی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی هاوسێ، لە ڕێگەی هەردوو دەروازەی وەلید و ڕەبیعە و دەروازە سنوورییەکانی دیکەوە".