بەغدا - INA - محەمەد تالبی
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی کەشناسی و چاودێریی بوومەلەرزەزانی، وردەکاریی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ئێستای وڵاتەکە بەخۆیەوە دەیبینێت و کاتی کەمبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی شەپۆلەکەی ڕاگەیاند، و پێشبینیشی کرد کە بەیانی سبەینێ سێشەممە مەودای بینینی ئاسۆیی لە زۆربەی شارەکاندا باشتر بێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکە، عامر جابری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "نوێکردنەوەکانی مۆدێلەکانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن کە چڕیی خۆڵبارینەکە تا کاتەکانی شەوی ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای عێراق، و دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتەکانی شەودا توندییەکەی بەرەو کەمبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغ دەچێت".
جابری ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشبینییەکان بۆ ناوچە جوگرافییەکان ئاماژە بەم هێڵانەی خوارەوە دەکەن":
بەغدای پایتەخت و ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژاوا: چڕیی خۆڵبارینەکە دوای کاتژمێر 09:00ی شەوی ئەمڕۆ دەست بە کەمبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغ دەکات، و لە یەکەم کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیشدا باشتربوونێکی ڕوونتر لە مەودای بینینی ئاسۆییدا ڕوودەدات.
شارەکانی فوراتی ناوەڕاست و باشوور: بەهۆی بەردەوامیی چالاکیی باوکووچکە (شمالی ڕۆژاوا)، ڕەنگە کاریگەریی شەپۆلە خۆڵبارینەکە تێیاندا تا کاتەکانی درەنگی شەو بەردەوام بێت، بەڵام بە چڕییەکی کەمتر بەراورد بەوەی لە کاتی عەسر و ئێوارەدا تۆمار کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "کەشوهەوای وڵات لەگەڵ بەیانی سبەینێ سێشەممەدا، باشتربوونێکی بەرچاو لە مەودای بینینی ئاسۆیی بە دۆخی گشتی لە زۆربەی شارەکاندا بەخۆیەوە دەبینێت، بە شێوەیەک خۆڵبارینەکە دەگۆڕێت بۆ تۆزێکی هەڵواسراوی سووک تا مامناوەندی ناوخۆیی، بەتایبەتی لە ناوچە دەشتایی و کراوەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات، لەگەڵ جێگیربوونی خێرایی باوکووچکە".

