بەغداد - INA

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێنماییەکانی میکانیزمی وەرگرتنی زانیاری و سکاڵاکانی تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی ڕاگەیاند.

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "دەستەکە ڕێنماییەکانی میکانیزمی وەرگرتنی زانیاری و سکاڵاکانی تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی عێراقی) لە ژمارە (4866)ی ڕێکەوتی (2026/5/11)دا بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ هەوڵەکانی بەمەبەستی چوارچێوەدارکردنی قۆناغێکی وەرچەرخان لە قۆناغەکانی کارکردنیدا، بە هەردوو لایەنی لێکۆڵینەوەیی و خۆپارێزی لەو سنوورەی کە یاسا بەکاربەرەکەی (ژمارە 30ی ساڵی 2011)ی هەموارکراو بۆی کێشاوە".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەرچوونی ئەم ڕێنماییانە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و یاساییمانەوە دێت لە بەهێزکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چەسپاندنی بنەماکانی شەفافیەت و پاراستنی ماڵی گشتی، بەشێوەیەک کە گەرەنتی دۆزینەوەی میکانیزمی یاسایی ڕوون و ڕێکخراو بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زانیاری و سکاڵایانەی کە بەپێی حوکمەکانی یاسا دەگەنە دەست دەستەکە".

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: "ئەو ڕێنماییانەی کە پاڵپشت بە یاسای ژمارە (30ی ساڵی 2011) دەرچوون، ئامانجیان ڕێکخستنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی زانیاری و سکاڵاکانی تایبەت بە گومانەکانی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونی نایاساییە لە ڕێگەی چەندین کەناڵی جیاوازەوە، لەوانە: (سەرچاوە و زانیاردەران، نووسراو و پەیوەندییە فەرمییەکان، ئیمەیڵ، هێڵە گەرمەکان، تیمە مەیدانییەکان، وێڕای میدیاکان، چاودێری ڕۆژنامەوانی و لێدوانی بەرپرسان). ئەمەش بەشدار دەبێت لە فراوانکردنی ئاستی کارلێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە چاودێرییەکان و کاریگەریی ڕاپۆرتکردنی حاڵەتەکانی گەندەڵی".

ئاماژەی بەوەش داوە: "ڕێنماییەکان بە ڕوونی ئەو لایەنە بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەندانەیان دەستنیشان کردووە کە مامەڵە لەگەڵ سکاڵا و زانیارییە هاتووەکاندا دەکەن؛ بە جۆرێک (فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان) ئەرکی بەدواداچوونی کەیسەکانی گەندەڵی دەگرێتە ئەستۆ، لە کاتێکدا (فەرمانگەی خۆپاراستن) ئەرکی بەدواداچوونی کەیسەکانی تایبەت بە دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و دژایەتی بەرژەوەندییەکانی پێدەسپێردرێت، لەگەڵ ملکەچکردنی سەرجەم سکاڵا و زانیارییەکان بۆ ڕێکارەکانی بەدواداچوون و وردبینی بەپێی بنەما یاساییەکان؛ بۆ دڵنیابوون لە ڕاستوڕەوانییان پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم دادگای تایبەتمەند".

ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "ڕێنماییەکان پێدانی لەپێشینەیی (ئەولەویەت)یان گرتووەتە خۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانەی کە پەیوەستن بە کەیسە گەورەکانی گەندەڵی، یان ئەوانەی دەبنە ڕای گشتی، یان پەیوەندییان بە خاوەن پۆستە باڵاکانەوە هەیە، هاوکات دەسەڵاتی داوەتە دەستەکە بۆ پێکهێنانی تیمی بەدواداچوون و وردبینی؛ بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستییەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەکان بە جۆرێک کە کارایی ڕێکارە لێکۆڵینەوەیی و خۆپارێزییەکان بەهێز بکات".

دەستەکە جەختیشی کردووەتەوە کە: "ڕێنماییەکان دووپاتیان لە پابەندبوون بە پاراستنی نهێنیی زانیاری و سکاڵاکان کردووەتەوە، لەگەڵ ئاشکرانەکردنی ڕێکارەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە مەگەر لەو سنوورەی کە یاسا دەیخوازێت، بەو شێوەیەی کە ماف و ناوبانگی کەسەکان بپارێزێت و گەرەنتییە یاساییەکان بۆ سەرچاوە و زانیاردەران بەهێز بکات، ئەمەش بەشدار دەبێت لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ڕاپۆرتکردن لەسەر گومانەکانی گەندەڵی".

سەرباری ئەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "ڕێنماییەکان چارەسەری حاڵەتەکانی دژایەتی بەرژەوەندییەکان و دەوڵەمەندبوونی نایاساییشیان کردووە لە ڕێگەی داڕشتنی میکانیزمی یاساییەوە؛ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانە و لادانی هۆکارەکانی دژایەتی لە ماوەی دەستنیشانکراودا بەپێی یاسا، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی دەستپاکی و شەفافیەت لە وەزیفەی گشتیدا".

دەستەکە بانگەوازەکەی خۆی بۆ هاووڵاتیان نوێ کردەوە بۆ "هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان و ڕاپۆرتکردنی گومانەکانی گەندەڵی"، و جەختی کردەوە کە "ڕاپۆرتکردن لەسەر گەندەڵی ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و بەشدار دەبێت لە پاراستنی ماڵی گشتی و ڕێگریکردن لە ڕاکردنی گەندەڵکاران لە سزا"، هاوکات لە هەمان کاتدا پێداگری کردەوە لەسەر ئەوەی کە "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش و پێکەوەییە لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەتایبەتی دامەزراوە چاودێرییەکان، و کۆمەڵگەدا".