بەغداد – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ئەنجامدانی 95 پشکنینی مەیدانی بۆ تۆڕەکانی پەیوەندی لە ماوەی زیارەتی ئیمام جەواد سەلامی لێ بێت ڕاگەیاند.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاندووە: تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، (95) پشکنینی مەیدانییان بۆ تۆڕەکانی مۆبایل ئەنجامداوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پلانە تایبەتەی کە بۆ بەدواداچوونی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی لە ماوەی مەراسیمی زیارەتی شەهیدبوونی ئیمام محەمەد جەواد (سەلامی لێبێت) لە شاری پیرۆزی کازمیەدا داڕێژرابوو.

بەیاننامەکە روونیشیکردۆتەوە : دەستەکە پرۆسەکانی پشکنین و بەدواداچوونی لە ڕێگەی (10) تیمی تەکنیکییەوە جێبەجێ کردووە کە بەسەر دەروازەکانی شاری پیرۆزی کازمیەدا و ئەو ڕێگایانەی بەرەو ئەوێ دەچن دابەش ببوون، ئەمەش لەژێر سەرپەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە ناوەندییەکان کە کارەکانی خۆی بە شێوازی مەیدانی لە ڕۆژانی 16 و 17ی ئایاری 2026دا دەستپێکردبوو.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەدواداچوونە مەیدانییەکان بوونە هۆی دەستنیشانکردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی کە دەستبەجێ مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و چارەسەر کران، بە شێوازێک کە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکە و جێگیربوونی پەیوەندییەکانی بۆ هاووڵاتییان و زیارەتکاران مسۆگەر کردوە.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە، دەستەکە جەختی لەسەر بەردەوامیی پلانە چاودێری و تەکنیکییەکانی خۆی لە ماوەی زیارەت و بۆنە ئایینییە گەورەکاندا کردووەتەوە، بە شێوازێک کە پاراستنی کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و خێرایی وەڵامدانەوە بۆ چارەسەرە تەکنیکییەکان مسۆگەر بکات.