بەغداد - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە ، جەختی لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی عێراق کردەوە.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندووە: "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە،بە فەرمی لە وەزارەتی دەرەوە دەستبەکاربوویەوە، ئەمەش دوای متمانەپێدانەوەی لەناو پێکهاتەی کابینەی نوێی وەزاریدا، و لەلایەن بریکارانی وەزارەت،و باڵیۆزان و سەرۆکی فەرمانگەکانی ناوەندی وەزارەتەوە پێشوازی لێکرا.

وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێکردووە: لە میانی ڕێوڕەسمی پێشوازییەکەدا، بریکاران و باڵیۆزان پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی متمانەپێدانەوەی وەک وەزیری دەرەوە پێشکەش بە فوئاد حسێن کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە بەرێوەبردنی کارەکانی وەزارەت لە قۆناغی داهاتوودا.

لای خۆیەوە، حوسێن لە گوتارێکدا بەم بۆنەیەوە جەختی لەسەر گرنگیی دەستکردن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی کارنامەی نوێی حکومەتدا کردەوە، بەتایبەتی ئەو بەشەی پەیوەستە بە دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی عێراق، و چالاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.