نێودەوڵەتی – INA

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز بەڕووی وڵاتانی دۆستدا دانەخراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە کەشتییەکانی سەر بەو وڵاتانە پێویستە بۆ تێپەڕبوونیان هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئێران بکەن.

عێراقچی ڕایگەیاند: "گرنگترین کێشە لە گفتوگۆکاندا بریتییە لەو پەیامە دژبەیەکەیانەی کە لە ڕێگەی هەڵوێستە جیاوازەکانەوە لە ئەمریکییەکانەوە پێمان دەگات،" جەختیشی کردەوە کە "ئێران بەرپرسیار نییە لە تێکدانی ئاسایش لە گەرووی هورمزدا."

وتیشی: "ئێران دەسپێشخەری نەکردووە لە دەستپێکردنی ئەم جەنگەدا، بەڵکو تەنها بەرگری لە خۆی دەکات و مافی تەواوی هەیە بۆ بەرگرییەکی ڕەوا."

ڕوونیشی کردەوە کە "ئەو سنووردارکردنانەی لە گەرووی هورمزدا سەپێنراون تەنها دوژمنانی ئێران دەکەنە ئامانج، نەک وڵاتانی دۆست،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "کەشتییەکانی سەر بە وڵاتانی دۆست و وڵاتانی دیکە پابەندن بەوەی بۆ تێپەڕبوونیان هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سەربازییەکانمان بکەن."

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێویستە کەشتیی وڵاتانی دۆست تەنها بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئاستەنگێک و بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونێکی ئارام، هەماهەنگی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانمان بکەن،" باسی لەوەش کرد کە: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان توانیویانە بە هاوکاری هێزە دەریاییەکانمان لە گەرووی هورمز تێپەڕن و لەسەر ئەم ڕێڕەوەش بەردەوام دەبین."

سەرچاوە: مەیادین