نێودەوڵەتی – INA
ڕۆژی پێنجشەممە، فەڕەنسا ڕایگەیاند کە ٢٦ کەس کە بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسی "هانتا" هەبووە لەسەر کەشتیی گەشتیاریی "MV Hondius"، ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و هەڵگری نەخۆشییەکە نین.
هەروەها دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا ڕایانگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی لەم هەفتەیەدا لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانییەکانی چۆڵکردنی ناو کەشتییەکەوە گەیشتوونەتە هۆڵەندا، ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ بووە.
لە ئێستادا ٢٦ کەس لە نەخۆشخانەکانی فەڕەنسا لە ژێر چاودێری و دابڕاندان (کەرەنتینە)، کە ٢٢یان وەک بەرکەوتەی نزیکی ژنێکی تووشبووی هۆڵەندی دەستنیشان کراون کە لەسەر کەشتییە گەشتیارییەکە بووە؛ ئەو کەشتییەی کە بووەتە چەقی ئاگادارکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم نەخۆشییە دەگمەنەی بەزۆری لە ڕێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک مشک و جرج) دەگوازرێتەوە.
پزیشکانی فەڕەنسی چاودێری ٤ کەسی دیکە دەکەن کە لەسەر کەشتییەکە بوون، لە کاتێکدا تووشبوونی گەشتیارێکی پێنجەمی فەڕەنسی بە ڤایرۆسی "هانتا" پشتڕاستکراوەتەوە و لە ئێستادا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەڕەنسا لە دۆخێکی مەترسیداردایە.
ئەو ٢٢ کەسەی ئێستا لە فەڕەنسا کەرەنتینە کراون، لە گەشتێکی ئاسمانی لە دوورگەی "سانت هێلینا"وە لە زەریای ئەتڵەسی بەرەو "جوهانسبێرگ" بوون، یان لە گەشتێکی ئاسمانی لە جوهانسبێرگەوە بەرەو ئەمستەردام، کە بڕیار بوو گەشتیارێکی ژنی هۆڵەندی تێیدا بێت، بەڵام پێش گەشتەکە لە فڕۆکە دابەزێنرا و دواتر لە نەخۆشخانەیەکی باشووری ئەفریقا گیانی لەدەستدا.
لەسەر ئاستی جیهان، تا ئێستا ٣ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی "هانتا" گیانیان لەدەستداوە و تووشبوونی ٦ کەسی دیکەش پشتڕاستکراوەتەوە، لەگەڵ هەبوونی یەک حاڵەتی گوماناوی.
سەبارەت بەو هاووڵاتییە ئەمریکییەی کە یەکێک بوو لە گەشتیارانی کەشتیی "MV Hondius" و سەرەتا پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرکەوێت، دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمریکا بە ئاژانسی "فرانس پرێس"یان ڕاگەیاندووە کە ئەنجامی پشکنینی دووەمی نێگەتیڤ دەرچووە. ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە لە سەرەتادا لە یەکەیەکی دابڕینی بایۆلۆژیدا بوو، دوای ئەوەی پشکنینی یەکەمی پۆزەتیڤ بوو، بەڵام دواتر لەلایەن تیمی پزیشکی ئەمریکاوە پشکنینەکە وەک "نایەکلاکەرەوە" ئەژمار کرا.
دەسەڵاتدارانی تەندروستی جەختیان کردەوە کە مەترسیی ئەم نەخۆشییە بۆ سەر عامەی خەڵک زۆر کەمە.
سەرچاوە: سکای نیوز