بەغدا - INA

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە ڕێگای چاکسازی لە ناوخۆوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە دەستپێدەکات، هاوکات جەختی لە چاکسازیی سیستەمی ئەمنی کردەوە و داوای لە نێردە دیپلۆماسییەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە بەغدا.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: عەلی زەیدی کارنامەی وەزاریی حکومەتە نوێیەکەی خستە ڕوو، و تێیدا جەختی کردەوە لەسەر هەنگاونانی جیدییەوە بۆ بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی گەلی عێراق، و بەرژەوەندی هاووڵاتی خستووەتە ناو پێشینەی کارەکانی، و ڕوونی کردەوە کە ڕێگای چاکسازی لە ناوخۆوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تەمبەڵی کارگێڕییەوە دەستپێدەکات.

زەیدی -بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە- ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان کرد بە پشتبەستن بە باوەڕبوون بە توانای عێراقییەکان و ئارامگرتنیان، و گۆڕینی قەیرانەکان بۆ دەرفەت و کۆسپەکان بۆ وێستگەیەک لە دروستکردنی جیاوازی بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانی دامەزراوەی تۆکمە و گواستنەوەی عێراق بۆ فەزای حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی.

زەیدی هەنگاوەکانی لە "سێ ڕێڕەودا دیاریکرد: یەکەمیان چاکسازی و بنیاتنانی ئابووری لە ڕێگەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و وەبەرهێنانی ڕاستەقینە و سیستەمێکی دارایی و بانکیی تۆکمە؛ ڕێڕەوی دووەم بریتی بوو لە بنیاتنانی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چاودێریکردنی توێژە پێویستترەکان و پاراستنی منداڵ و بەهێزکردنی ژنان؛ ڕێڕەوی سێیەمیش بریتی بوو لە چاکسازیی سیستەمی ئەمنی لە ڕێگەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان و چەسپاندنی متمانەی هاووڵاتی بە دیموکراسی.

ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق بەو قووڵاییە شارستانی و هەمەجۆرییە مرۆیی و کولتوورییەی هەیەتی و ئەوەی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی نوێنەرایەتی دەکات، شایستەمان دەکات بۆ ئەوەی هەستینەوە و پێگەی حکومەت بگێڕینەوە، داواشی لە هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە بەغدا، و سوپاسی خۆشی بۆ حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەربڕی