بەدواداچوون – INA

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی بریکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان کۆبوونەوە؛ بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی جەنگ لە ئێران و قەیرانی وزە، بە بەشداریی ئێران و ڕووسیا.

ڕاگەیەندراوێکی وڵاتانی گرووپی بریکس، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە: کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی بریکس کە لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان بەڕێوەچوو، لێکەوتەکانی جەنگ لە ئێران و قەیرانی وزە بەسەریدا زاڵ بوون، هەروەها کۆبوونەوەکە بەشداریی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بەخۆوە بینی.

سۆبراهامانیام جایشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان لە وتاری کردنەوەیدا هۆشداریی دا لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکان کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری و شڵەژان لە ئاسایشی وزەدا، و وتیشی: لە کاتێکدا کۆدەبینەوە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانکاریی بەردەوام بەخۆیانەوە دەبینن.

جایشەنکار وتیشی: جەنگە بەردەوامەکان و ناسەقامگیریی ئابووری و تەحەدییەکانی بوارەکانی بازرگانی، تەکنەلۆژیا و کەشوهەوا دووبارە نەخشەی جیهان دادەڕێژنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژ دوای ڕۆژ پێشبینییەکان زیاد دەکەن بەتایبەت لەلایەن بازاڕە نوێیەکان و وڵاتانی ڕووبەگەشەپێدان کە گرووپی بریکس ڕۆڵێکی بونیاتنەر و سەقامگیرکەر بگێڕێت.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەروەها شڵەژان لە ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی دەریایی لە کەنداو و گەرووی هورمزدا هێشتا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی نەوت و گازدا و فشارەکانی بۆ سەر ئابووریی وڵاتانی هاوردەکاری وزە زیاد کردووە، کە هیندستانیش یەکێکە لەوانە.

هیندستان ئەمساڵ سەرۆکایەتیی گرووپەکە دەکات، و میوانداریی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییە فراوانەی کرد کە ئێستا ئێران و عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتیش دەگرێتەوە، کە ئەم وڵاتانە لە هەڵوێستەکانیاندا سەبارەت بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازن.