بەغدا- INA- حەسەن فەواز

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سزای لەسێدارەدانی بۆ "عەجاج ئەحمەد حەردان" دەرکرد، لەسەر پاشخانی ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە کورد لە چوارچێوەی تاوانەکانی ئەنفالدا.

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان دەرکرد.

ڕوونیشیکردەوە کە سزاکە لەسەر پاشخانی ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە کورد لە چوارچێوەی تاوانی ئەنفالدا دەرچووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ئابی ساڵی ڕابردوودا، دوای بەدواداچوونێکی هەواڵگریی ورد کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند، دەستگیرکردنی تۆمەتباری ناوبراوی ڕاگەیاند، کە لەو ماوەیەدا کەسوکارەکەی بە مەبەستی چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان بانگەشەی مردنیان دەکرد، بەڵام شیکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ دانپێدانانەکانی پێشوو، یارمەتیدەر بوون لە ئاشکراکردنی شوێنی خۆحەشاردانی لە ناو پارێزگای سەڵاحەدین، کە تێیدا دەستگیرکرا دوای تەواوکردنی ڕەزامەندییە دادوەرییەکان و تۆمارکردنی وتەی قوربانییان و داواکارانی مافی کەسی.

لە میانی دانیشتنە چڕەکانی لێکۆڵینەوەدا، تۆمەتبارەکە دانپێدانانی ڕاشکاوی لەسەر کۆمەڵێک تاوان کرد کە لە ماوەی خزمەتکردنیدا لە زیندانی "نوگرە سەلمان" ئەنجامی دابوون؛ لەوانە دانپێدانان بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر یەکێک لە ژنە زیندانیکراوە کوردەکان کە بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتبوون، جگە لە برسی کردنی سیستماتیکی زیندانییەکانی ناو زیندانەکە، و بەشداریکردنی لە پرۆسەکانی لەناوبردن کە ئەو کاتە لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە ئەنجام دەدران.

تۆمەتبارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی ماوەی خزمەتەکەی پێنج ساڵ بووە، کە سێ ساڵی لە زیندانی نەگرە سەلمان بەسەر بردووە، پێش ئەوەی بەهۆی شەڕ و پێکدادانێکەوە -بە وتەی خۆی- خانەنشین بکرێت.

بە پشتبەستن بەو دانپێدانانە و شایەدیی قوربانییان و داواکارانی مافی کەسی و هەموو ئەو بەڵگانەی لێکۆڵینەوەکان پێی گەیشتن، دادگای تایبەتمەند سزای لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکرد، وەک سزایەکی دادپەروەرانە بەرامبەر بەو تاوانە قێزەونانەی دەرهەق بە ڕۆڵەکانی گەلی عێراق ئەنجامی دابوون