بەغداد - INA - محەمەد تاڵبی

فەرمانگەی ڤێتێرنەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکارەکانی تۆمارکردن و پشکنینی دەرمانی ڤێتێرنەریی هاوردەکراوی پێش چوونە نێو بازاڕەکان ڕوون کردەوە.

محەمەد عەزیز مەیاحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بەغدا دەرمان لە سەرچاوە جیهانییەکانەوە هاوردە دەکەن،" ڕوونیشی کردەوە کە "داواکارییەک پێشکەش بە فەرمانگەی ڤێتێرنەری دەکرێت و ناوەکان بۆ وەزارەت بەرز دەکرێنەوە بۆ دەرکردنی فەرمانێکی وەزاری بە مەبەستی پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی لە سێ پزیشکی ڤێتێرنەری، کە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن کە کارگەکانی دەرمانی لێیە بۆ دڵنیابوونەوە لە شێوازی دروستکردن و پشکنینی بەسەرچوون (ئێکسپایەر) و کارایی دەرمانەکان لەو وڵاتەدا."

وتیشی: "تیمەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەر کارگەیەک دەمێنێتەوە، دوای ئەوە ڕێکارەکانی تۆمارکردن تەواو دەکرێن، بەو پێیەی نموونەی دەرمانەکان دەهێنرێن و لەلایەن بەشی چاودێریی دەرمانییەوە دەپشکنرێن، دوای سەرکەوتنی پشکنینەکەش، ڕێگە بە هاوردەکردنی ئەو دەرمانانە دەدرێت، جا ڤاکسین بن یان دەرمان یان پێکهاتە چڕکراوەکانی ئالیک."

ئەوەشی ڕوونکردەوە: "فەرمانگەی ڤێتێرنەری ڕێگە بەو دەرمان و ڤاکسین و پێکهاتە زیادکراوانەی ئالیک دەدات کە ڕێکارەکانیان تەواو کردووە، لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا مامەڵەیان پێوە بکرێت و بە متمانەوە بگەنە دەست ئاژەڵداران،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەندێک دەرمان بە ڕێگەی نایاسایی دەێنە ژوورەوە، کە لایەنە ئەنجامدەرەکانی ئەو کارە بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن."

ئاماژەی بەوەشدا: "فەرمانگەی ڤێتێرنەری خاوەنی دەزگای پشکنینی ڤێتێرنەری و هۆبەی پشکنینە کە لە لیژنەی ناوەندی و لیژنە لاوەکییەکان لە هەموو شوێنێک پێکهاتووە، کە سەردانی نووسینگە و کلینیکە ڤێتێرنەرییەکان دەکەن و لیستێکیان لایە لەو دەرمانانەی ڕێگەپێدراون لە بازاڕەکاندا."

دووپاتیشیکردەوە: کە "دەرمانەکان لە بەشی چاودێریی دەرمانی دەپشکنرێن بۆ ئەوەی ڕێگە بە مامەڵەپێکردنیان بدرێت، کاتێکیش دەزگای پشکنینی ڤێتێرنەری دەچێتە دەرەوە، نیشانە و دەرمان و (باج نەمبەر)ی ڕێگەپێدراو لە بازاڕەکاندا دەناسێتەوە، بەڵام ئەو دەرمانانەی سەر بە کۆمپانیا نایاساییەکانن یان (باج نەمبەر)یان نییە، لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەندیکا و فەرمانگەی ڤێتێرنەری لەخۆدەگرێت، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبرێن."

ئاشکراشیکرد: کە "سەرچاوەی دەرمانەکان وڵاتانی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، چین، هیندستان، هەندێک وڵاتی ئەفریقا وەک میسر و وڵاتانی ئەمریکای باشوور دەگرێتەوە."

باسی لەوەشکرد: "هەندێک کارگە لە عێراقدا بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەن، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە بەراورد بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها ئاژەڵدارانیش زیاتر مەیلیان بۆ هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا هەیە، مەگەر دەرمانەکە لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری پشکنرابێت."