نێودەوڵەتی – INA
ئاژانسی هەواڵی فارس، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند کە ئێران پێنج مەرجی وەک گرەنتی بۆ دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەستنیشان کردووە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە: "ئێران ٥ مەرجی دیاری کردووە کە وەک کەمترین ئاستی گرەنتی بۆ بنیاتنانی متمانە دادەپێدرێن بۆ دەستپێکردنی هەر دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێران مەرجی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، لادانی سزاکان و ئازادکردنی داراییەکانی داناوە"، جگە لەوەی "مەرجەکانی ئێران قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ و داننان بە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا دەگرێتەوە."
ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئێران بە پاکستانی ڕاگەیاندووە کە بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، بێ متمانەیی بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتن زیاتر کردووە."
لە کۆتاییدا هاتووە: "تاران پێیوایە بەبێ جێبەجێکردنی ئەم پێنج مەرجە، هیچ دەرفەتێک بۆ چوونە ناو دانوستانی نوێ نییە"، ڕوونیشیکردەوە کە "پێشنیارەکانی ئەمریکا بە تەواوی بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بە جۆرێک داڕێژراون کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن دەکەن."



