بەغداد- INA

وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ سێشەممە، زیادکردنی ٥ نمرەی بۆ ئەنجامەکانی خولی یەکەم و ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی بۆ پۆلە ناگۆتاکان (الصفوف غير المنتهية) ڕاگەیاند.

وەزارەت لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "بڕیاردرا بە زیادکردنی پێنج نمرە بۆ ئەنجامەکانی خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦، و ڕەخساندنی دەرفەتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بۆ قوتابیانی چوار پۆلی یەکەمی قۆناغی سەرەتایی (تەنها ئەوانەی بەردەوامن لە دەوام) کە لە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمدا دەرنەچوون، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی ئەو وانانەی کە تێیاندا سەرکەوتوو نەبوون."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، وەزیری پەروەردە بەوەکالەت، ئەحمەد ئەسەدی، جەختی کردەوە لە "پەرۆشیی وەزارەت بۆ پشتگیریکردنی قوتابیان و خوێندکاران و ڕەچاوکردنی بارودۆخی خوێندن و مرۆییان،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "بڕیارە پەروەردەییەکانی ئەمدواییە بە مەبەستی سوککردنی بارقورسی سەر شانی خوێندکاران و پێدانی دەرفەتی زیادە بووە بۆ سەرکەوتن و بەردەوامبوون لە کاروانی فێربوونیان."

ڕوونیشی کردەوە کە "زیادکردنی پێنج نمرە بۆ ئەنجامەکانی خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦، هەنگاوێکی پاڵپشتییە بۆ قوتابیانی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی و خوێندکارانی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی بۆ پۆلە ناگۆتاکان، بە ئامادەییە پیشەییەکان بە هەموو بەشەکانیانەوە و پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکانیشەوە،" جەختیشی کردەوە کە "وەزارەت بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێکاری دادپەروەرانە کە بەرژەوەندیی خوێندکاران ڕەچاو بکات."