نێودەوڵەتی – INA

نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، هۆشداریی دا لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە وڵاتی لوبنان.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند کە دۆخی مرۆیی لە لوبنان بەرەو خراپتربوون دەچێت سەرەڕای کاراکردنی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقە، ئەمەش لە ژێر سێبەری بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانی (ئیسرائیل) و کەوتنەوەی قوربانی، کە کارمەندانی فریاگوزاریشیان تێدایە.

نووسینگەکە ڕوونیشی کردەوە کە تەنها لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هێرشی ئاسمانی تۆمارکراون، لە کاتێکدا لە ماوەی پشووی کۆتایی هەفتەدا ٨٧ کەس کوژراون.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان کە لەلایەن نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەوەتەی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئیسرائیل و "حیزبوڵا" لە دووی ئازارەوە، لانی کەم ٢٨٤٦ کەس کوژراون و ٨٦٩٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان کوژرانی دوو کارمەندی فریاگوزاری و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەی ڕاگەیاند لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە کەرتی تەندروستییەوە هەیە لە شارۆچکەکانی (قەلوویە و تەبنین) لە باشووری لوبنان، لە کاتی بەدەمەوەچوونیان بۆ ڕووداوەکانی پێشتر.