بەغداد – INA
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە،دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند کە تێوەگلاون لە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
فەرماندەیی پۆلیس لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە، لیوا ڕوکن محەمەد کازم عەتیە و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خۆی، مەفرەزەکانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە دیالە، بە هاوکاری بەشی پۆلیسی عوزێم و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری پارێزگای دیالە، توانییان دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە تێوەگلاون لە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ".
ڕوونیکردەوە: "پرۆسەی دەستگیرکردنەکە دوای هەوڵێکی هەواڵگری و بەدواداچوونی ورد هات، کە دەرکەوتووە تۆمەتباران بە نایاسایی و بەپێچەوانەی مەرجەکانی نیشتەجێبوون، کەسانی بیانییان بۆ ناو وڵات گواستووەتەوە، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ باند و تۆڕە تایبەتمەندەکان بە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ". هەروەها وتیشی: "فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری بۆ تۆمەتباران بەپێی ئەحکامەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە (٢٨)ی ساڵی ٢٠١٢ دەرچووە، و ڕێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ڕەوانەی لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان کراون".
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو، بەتایبەتی باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک کە هەوڵی قۆستنەوەی کەسانی دیکە یان پێشێلکردنی یاسا کارپێکراوەکان بدات، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگە.



